دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛
ئەمڕۆ یازدە ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شنگالدا تێدەپەڕێت؛ لە ١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥دا، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتی و فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی، و بە بەخشینی خوێنی سەدان شەهید و هەزاران بریندار، توانیان کۆتایی بە بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەو ناوچەیە بهێنن و کۆنترۆڵی شارەکە و چیای شنگال بەدەست بهێننەوە.
ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە پارێزگاری لە سەقامگیریی ناوچەکە بکرێت؛ هەر بۆیەش بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە هەوڵەکان بۆ بەکارهێنانی شنگال وەکو کارتی ململانێی سیاسی، و پێویستە ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت کە بیەوێت کوردانی ئێزدی لە ناسنامە و ڕەگ و ڕیشە ڕەسەنەکەیان داببڕێت.
جێی نیگەرانییە کە دوای تێپەڕبوونی یازدە ساڵ بەسەر ڕزگارکردنی شنگالدا، هێشتا ڕێککەوتننامەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە. لێرەوە، وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بەرپرسیارێتیی دەستووری و یاسایی خۆی هەڵبگرێت و ڕێککەوتننامەی شنگال وەک خۆی و بە تەواوی جێبەجێ بکات؛ لە ڕێگەی دەرکردنی هێز و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان، کۆتاییهێنان بە دۆخی نائاسایی
ناوچەکە، و ڕەخساندنی کەشێکی ئارام تا خەڵکی ڕەسەنی شنگال بتوانن خۆیان بڕیار لە چارەنووس و ئیدارەدانی ناوچەکەیان بدەن و سەربەرزانە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان. هەروەها جەخت لە پێویستیی تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەی قوربانییان و ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکەینەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
١٣ـی نۆڤێمبەری ٢٠٢٦






