کۆمپانیای "دانەغاز" لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دۆخی وێستگەی غازی کۆرمۆر ڕایگەیاند، زیانێکی گەورە بەر وێستگەکە کەوتووە و لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ بڕە غازێک بەرهەم بهێنرێت.
گوتەبێژی کۆمپانیای دانەغاز ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەک لە میدیا ناوخۆییەکان بەبێ بوونی زانیاریی دروست لێدوانی ناڕاست سەبارەت بە دۆخی وێستگەی غازی کۆرمۆر بڵاودەکەنەوە، لە کاتێکدا پێشتریش لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراوە کە بەهۆی قەبارەی زیانەکانەوە پرۆسەی بەرهەمهێنان پەکیکەوتووە.
کۆمپانیاکە داوا لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات خۆیان لە ڕووماڵکردنی نابەرپرسانە و پێشبینی و لێکدانەوەی بێبنەما بەدوور بگرن و تەنیا پشت بە زانیاری و سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.







