ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، لە شاری ڤیێنای پایتەختی نەمسا، کارەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کۆچ بە بەشداریی نوێنەرانی نزیکەی 20 وڵات لە کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا دەستی پێ کرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارە، کە ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کۆچی نێودەوڵەتی، جووڵەی دانیشتووان، بەڕێوەبردنی سنوورەکان، پاراستنی مافەکانی پەنابەران و کۆچبەران، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان وڵاتانی سەرچاوە، تێپەڕبوون و وەرگری کۆچ.
بڕیارە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دوولایەنە لەگەڵ نوێنەر و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی بەشداربوو ئەنجام بدات، بە مەبەستی خستنەڕووی ستراتیژی، سیاسەت و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری بەڕێوەبردنی پرسی کۆچ و پەنابەراندا.
تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم خولەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کۆچ، تیشک دەخەنە سەر هاوبەشیی نێوان وڵاتان بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کۆچ و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، کاریگەریی جەنگ و قەیرانەکان لەسەر ئاوارەبوون و گەڕانەوە، لەگەڵ پرسی کۆچی کرێکاران و پێداویستییەکانی بازاڕی کاری جیهانی.







