هونەرمەند فەیرووز سابوور
دەنگێکی نەرم و ڕەسەن، گەروویەکی پاراوی کوردی.
_ مامۆستا خالقی پێی وتم: دەنگێکی زۆر جوانت پێوەیە.
_ ڕەنگە گەورەترین هەڵەی ژیانم، دوورکەوتنەوە و دابڕان لە زێدەکەم (کرماشان) بووبێت.
لەگەڵ یادکردنەوەی هەر دەنگێکی ڕەسەن و ئارامبەخش بە ڕۆح و هەستمان، نابێت ڕۆڵی ڕادیۆ کوردییەکان لەیاد بکەین، چونکە تاکە سەرچاوەی گەیاندنی ئەو دەنگە ڕەسەنانە بە گوێی گوێگران ڕادیۆ کوردییەکان بوون. هەریەک لەو ڕادیۆ کوردییانە بەپێی مەودای گەیاندنی شەپۆلەکانیان، خزمەتێکی زۆریان بە هونەری موزیک و ئاواز و گۆرانی و وێژە و فەرهەنگ و کولتووری کوردی کردووە. زیاتر مەبەستم ڕادیۆ کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؛ دوای ڕادیۆی کوردیی تاران، (ڕادیۆی کرماشان)ە، لە سەردەمی خۆیدا ڕۆڵێکی کاریگەری لە نێو دنیای میدیای کوردیدا بینیوە. لە دەستپێکی پەخش و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی و توانا و لێهاتوویی بێژەر و پێشکەشکارەکانییەوە، ڕۆژ بەڕۆژ هەوادارانی لە دەوری پەخشی ڕادیۆکەی زیاتر کۆکردووەتەوە.
جیا لە بەرنامە جۆراوجۆرەکانی ئەو ڕادیۆیەوە، کۆمەڵێک دەنگی ناوازە و چێژبەخش و ئاوازی ڕەسەنی کوردی پەخش دەکرا. دەنگی ئەو هونەرمەندانە سنوورە دەستکردەکانیان دەبڕی و خۆیان دەکرد بە کووچە و شەقام و ماڵ و چایخانە و شوێنە گشتییەکانی کوردستاندا. یەکێک لەو دەنگە ڕەسەن و نەرم و ئارامبەخشانە بە ڕۆح و هەستی گوێگر، دەنگ و بەرهەمە شیرینەکانی هونەرمەند (فەیرووزی سابوور) بوون.
لەو سەردەمەدا جگە لە دەنگ و هونەرمەندی بلیمەت (حەسەن زیرەک 29/11/1921 - 26/6/1972) و (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی 1882 - 4/2/1937)، (محەممەدی ماملێ 2/6/1925 - 23/1/1999) و (مەزهەری خالقی 1938 سنە)، کۆمەڵە دەنگێکی بەسۆزی دیکە وەک (ئیسماعیلی مەسقەتی 1922 - 20/3/2008)، (حیشمەتوڵڵای لوڕنەژاد 1947 - 16/9/1995)، (ئیسماعیلی پیرخدری 1949 - 1985)، (سەعیدی قەندی) و (یەدوڵڵای ڕەحمانی 1950 - 28/5/2011) و (ئیسماعیلی سابوور 1956 - 16/6/2019) و ...تاد گۆرانییەکانیان پەخش دەکران.
لەو شێواز و قوتابخانە هونەرییەی هونەرمەند و مامۆستا (مەزهەری خالقی)، کۆمەڵە دەنگێکی نەرم و ناسک بوونە ڕێبوار و لە ڕێی دەنگیانەوە کۆمەڵێک بەرهەمیان پێشکەش بە گەنجینەی موزیک و ئاوازی کوردی کرد؛ نموونەی دیاری ئەو شێوازە دەنگ و هونەرە شیرینە هەردوو برای هونەرمەند (فەیرووز سابوور و ئیسماعیل سابوور) بوون کە بە برایانی (سابوور) ناسراو و بە هەست و ڕۆحی خەڵک ئاشنا بوون.
برایانی سابوور بە هەوڵ و کۆشش و توانای بەرزی هونەرییان توانییان خۆیان بناسێنن و دەنگە خۆشەکانیان هاوتەریب لەگەڵ دەنگە بەسۆز و خۆشەکەی هونەرمەند (مەزهەری خالقی) لە ڕێی ڕادیۆی کرماشانەوە بگەیەننە بیسەر و سنوورە دەستکردەکان ببەزێنن و لە باشووری کوردستان هەوادارێکی زۆر بۆ هونەرەکەیان دەستەبەر بکەن.
زۆر لەمێژە بە دەنگ و هونەرە ناوازەکەی هونەرمەند فەیرووز سابوور ئاشناین، بەڵام لە نزیکەوە بە ژیانی کۆمەڵایەتی و دەستپێکی کاری هونەری و ئەو گەوهەرە ونبووە و دوورکەوتنەوەی لە دنیا جوانەکەی هونەری گۆرانیخوێندن بە شێوەیەکی گشتی زانیاریمان نەبووە.
دوای ساڵانێک دابڕانی لە هونەری گۆرانیخوێندن، بە هەر شێوەیەک بوو هونەرمەند فەیرووز سابوورم دۆزییەوە و لە ڕێی چەند پرسیارێکەوە دواندمان و کۆمەڵێک زانیاری دەربارەی ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەری پێبەخشین. لە سەرەتاوە داوای لێبووردنی کرد کە ناتوانێت زانیارییەکان بە زمانی شیرینی کوردی بۆمان بنووسێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت بە زمانی دایکی بنووسێت، بە زمانی فارسی زانیارییەکانی بۆ ناردم. سوپاسێکی بێپایانم بۆ میدیاکاری ئازیز (هۆمەر نۆریاوی) زانیارییەکانی بۆ وەرگێڕامە سەر زمانی کوردی.
هونەرمەند فەیرووز سابوور و دەستپێکی کاری هونەری..!
فەیرووز محەمەد ساڵح، ناسراو بە (فەیرووز سابوور)، لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر و هونەرپەروەر، لە ڕۆژی (پێنجشەممە) لە ڕێکەوتی (22/3/1951) لە گەڕەکی (جەوانشێری) شاری شیرینی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
هونەرمەند فەیرووز سابوور دەربارەی خانەوادەکەی و قۆناغی منداڵی نووسیویەتی:
«دایک و باوکم خەڵکی (پاوە)ی هەورامانی لهۆن بوون، پێش لەدایکبوونی من، چونکە باوکم شۆفێری ئۆتۆمبێلی گەورە (لۆری) بووە و کاری دەکرد، ڕوومان لە شاری کرماشان نا و لە گەڕەکی (جەوانشێر)دا گیرساینەوە. خوێندنی قۆناغی سەرەتاییم لە خوێندنگەی (بەدر) کۆتایی پێ هێنا. هەر لەو قۆناغەدا شەیدای دەنگی قورئانخوێندنە بەسۆزەکەی قورئانخوێن (عەبدولباست عەبدولسەمەد 1927 - 1988) و (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی 1882 - 4/2/1937) بووم و بەردەوام لاسایی دەنگم دەکردنەوە. چێژ و حەزی هونەری لە نێو بنەماڵەکەمدا شەپۆلی دەدا و بە موزیک ئاشنا و شارەزا بووم.
باوکم دەنگێکی خۆشی پێوە بوو. گەلێک حەزی لە گۆرانییەکانی هونەرمەندانی وەک مامۆستایان (ئۆسمان و حەمەحسێن هەورامی) دەکرد، هەردوو هونەرمەند ئۆسمان و حەمەحسێن هەورامی لە هاوڕێیانی نزیکی باوکم بوون و هەرکە ڕوویان لە کرماشان دەکرد، سەری ماڵی ئێمەیشیان دەدا. جوان دێتەوە یادم، هەرکە دەستیان بە چڕینی گۆرانی دەکرد، باوکم بە ئامێری تۆمارکردنەکەی، گۆرانییەکانی ئەو دوو هونەرمەندەی تۆمار دەکرد و لە ئۆتۆمبێلەکەیدا بەردەوام چێژی لە گۆرانییەکانیان دەبرد.
دایکم، خاوەنی دەنگێکی نازەنین بوو، شیعرە عیرفانییەکانی کە تایبەت بە زیکری دەروێشان بوو، بە ئامێری دەف دەچڕی، دەنگی من و ئیسماعیلی برام دەچێتەوە سەر دەنگی دایکم.
بۆ ماوەی سێ ساڵ قۆناغی خوێندنی ناوەندیم لە شاری پاوەدا کۆتایی پێ هێنا و زیاتریش لە ماڵی پوورم کە لە گوندی (خانەگا) بوو دەمامەوە.»
هونەرمەند فەیرووز سابوور هۆگر و ئاشنای گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی ناوچەکەی دەبێت، هەر گۆرانییەک سەرنجی ڕاکێشابێت هەوڵی داوە لەبەری بکات و لە سینەیدا پاراستوویەتی. لەو تەمەنەدا دەنگ و گۆرانییەکانی هونەرمەندان (حەسەن زیرەک)، (عەلی مەردان 1904 - 24/7/1981) و (مەزهەری خالقی) کاریگەری لەسەر هەستە هونەرییەکەی دادەنێت و دەبێتە ڕێبواری ڕێگا پیرۆزەکەی دەنگ و هونەری ئەو هونەرمەندانە.
هونەرمەند فەیرووز سابوور براگەورەی هونەرمەندی ڕەوانشاد (ئیسماعیل سابوور)ە، ئیسماعیل سابووری برای بچووکی چەند ساڵێک پێش براگەورەکەی لە ڕێی ڕادیۆی کرماشانەوە دەنگ و هونەرەکەی بە گوێگران ئاشنا کردووە.
هونەرمەند فەیرووز سابوور و ئاشنابوونی بە دەنگی هونەرمەند مەزهەری خالقی..!
هونەرمەند بەو شێوەیە بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
«هەر لەو سەردەمەدا ئاشنا بە دەنگە سیحراوییەکەی مامۆستا مەزهەر خالقی بووم و هەر ئەم هۆگرییەیش بوو بە هۆکار تا شوێن ستایل و شێوازەکەی بکەوم.
کاتێک لە گوندی خانەگا کە بە فارسی (خانقاە)ی پێ دەڵێن، دەگەڵ هاوڕێیان دەچووین بۆ خوێندنگەکەمان لە پاوە، ئەو ناوە هەمووی بە باخ و باخات دەورە درابوو. لە تەنیشت جادە باخەکەدا ڕووبارێکی پێدا تێدەپەڕی کە سەرچاوەکەی، سەراوی (هەوڵی) بوو و لە پاوەوە دەڕژایە چۆمەکەی خانەگا و جوانییەکی ناوازەی بەو ناوە دەبەخشی، من لەسەر داواکاریی هاوڕێیان هەتا دەگەیشتینە خوێندنگەکەمان، گۆرانییەکانی مامۆستا خالقیم دەچڕی و لە گەڕانەوەیشدا بە هەمان شێوە. مانەوەم بۆ ماوەی سێ ساڵ لەو ژینگە لەبەردڵانەدا، سەد هەنگاو ئەزموونی فرەتر کردم و توانا و بەهرەی چڕینی بەرزتر کردمەوە.
لە هونەرمەند فەیرووز سابوورمان پرسی کەی گەڕانەوە شاری کرماشان و چۆن ڕێتان کەوتە ڕادیۆی کرماشان؟
هونەرمەند فەیرووز سابوور:
«دواتر کاتێک گەڕامەوە شاری کرماشان و لە دواناوەندیی (کەزازی) بڕوانامەی دیپلۆمم وەرگرت. گەڕەکی (جەوانشێر) پڕ بوو لە هونەرمەندی وەک (ئیسماعیل پیرخدری 1949 - 1985)، (حیشمەت لوڕنەژاد 1947 - 16/9/1995)، (تایەرزادە)، بنەماڵەی (ئیسماعیل خانی مەسقەتی 1922 - 20/3/2008) و کوڕەکانی کە هەمووان دەنگخۆش و ژەنیاریش بوون و هاوگەڕەک و لە هاوڕێیانی ئێمەیش بوون. هەروەها گەڕەک چەند هونەرمەندی دی وەک (سەیفوڵڵا نادرشاهی 1939 - 9/12/2019) و (سەعید قەندی) لێ بوو کە پێکەوە زۆر دۆست و هاوڕێ بووین.
پاش وەرگرتنی بڕوانامەی دیپلۆم، ڕووم لە خزمەتی ئیجباری نا (سەربازیی زۆرەملێ). دواتر لە ساڵی 1352ی هەتاوی (1973ی زایینی) لە کارگەی قوماشی (کشمیر) لە کرماشان دامەزرام. پێش ئەوەی ڕێم بکەوێتە ڕادیۆ تەلەڤزیۆنی کرماشان، ژمارەیەک ژەنیاری وەک (مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدی 1949) ئامێری کەمانچەی دەژەنی، مامۆستا ئیسماعیل خانی مەسقەتی و کوڕەکەی، کامەران مەسقەتی کە ژەنیاری زەرب بوو، بەڕێز مستەفا ئەسەدزادە کە سەنتووری دەژەنی دەناسی. لە کۆڕ و دانیشتنەکاندا بە یارمەتیی ئامێرەکان و دەست و پەنجەی هونەریی ئەوان، زۆر گۆرانیم دەچڕی. هەر لەو کۆڕانەدا ئاشنا بە (هاشم ڕەبیعی 1947) بووم کە دەنگێکی نازەنینی پێوە بوو و فەرمانبەری ڕادیۆ تیڤی بوو.»
هونەرمەند فەیرووز سابوور ئاماژەی دا بەو هونەرمەندەی کە لە ڕێگەی ئەوەوە بۆ یەکەمجار چووەتە ڕادیۆی کرماشان...
«ساڵی 1353ی هەتاوی (1974) هەر لە ڕێی ئەم دۆستەوە هونەرمەند (هاشم ڕەبیعی)، ڕێم کەوتە ڕادیۆ و یەکەمین گۆرانیم (هەی بێنن بێنن، کەژاوەی بێنن) تۆمار کرد، پاشان ناسیاوەتیم دەگەڵ بنەماڵەی شێخ (ئەسعەد سەراجەدینی 1942 بیارە) پەیدا کرد کە ئەو کاتە ڕەوانشاد خاتوو (پەروین موشیروهزیری 18/12/1941 - 18/12/2010) بێژەری ڕادیۆ بوو دەگەڵ هاوژینەکەی، هەردووک پێکەوە لە ڕادیۆ کاریان دەکرد. لەسەر پێشنیاری ئەوان، گۆرانییەکانی (هەوری لار، ئامۆزا گیان و ئامینێ نازەنینێ)م تۆمار کرد.»
سەبارەت بە یەکەم دیداری و ئاشنابوونی لە نزیکەوە بە هونەرمەند (مەزهەری خالقی)، فەیرووز سابوور باسی ئەو ڕۆژگارەمان بۆ دەکات و مامۆستا مەزهەری خالقی چی پێوتووە...
فەیرووز سابوور: «بۆ یەکەم جار کە چاوم بە مامۆستا خالقی کەوت، هەرگیز ئەو ڕۆژەم لە بیر ناچێتەوە. ئەو ڕۆژانەی تازە ڕێم کەوتبووە ڕادیۆ، لە ژوورەکەی بەڕێز (هاشم ڕەبیعی)دا بووین کە داوای لێ کردم، بەزمێکی بۆ بچڕم. جوان لە بیرم نییە، پێم وایە گۆرانیی (شیرین شیرینە)ی مامۆستا خالقیم بۆ خوێند. لە کۆتایی گۆرانییەکەدا بووم کە مامۆستا خالقی وەژوور کەوت و چەپڵەی بۆ لێدام، من و بەڕێز ڕەبیعی بە نیشانەی ڕێز هەستاینە سەر پێ و وازم لە گۆرانییەکە هێنا. وتی: دەنگێکی زۆر جوانت پێوەیە و بە بەڕێز ڕەبیعی وت، ئاگات لێی بێت. دواتر چەند جارێکی دی لە ماڵی بەڕێز سەراجەدینی گەیشتمە خزمەت خۆی و هاوژینەکەی. زۆرم حەز لە چڕینەوەی گۆرانییەکانی مامۆستا بوو، هەر بۆیە ڕۆژێک لە ڕادیۆ چوومە خزمەتی و بەوپەڕی ڕووگەشی و سینگفراوانییەوە ئەو دەرفەت و مۆڵەتەی پێ بەخشیم بۆ چڕینەوەی گۆرانییەکانی و بەردەوامیش مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی بۆ خۆم، ستایل و شێوازێکی تایبەت بۆ خۆم هەڵبژێرم و زۆر لەسەر لاساییکردنەوە نەڕۆم. پاش ئەو قۆناغە بوو کە گۆرانیی (قەسەم، ئەی یاری نازدار دەردت لە من و زوڵفی تۆ بێ شانە جوانە)م چڕی.»
گۆرانیی «قەسەم» یەکێکە لە گۆرانییە ناسک و خۆشەکان کە بە دەنگی هونەرمەند فەیرووز سابوور گوتراوە و پێشتر هونەرمەند مەزهەری خالقی گوتوویەتی:
قەسەم بە مەستیی نێرگز، بە ڕەشیی ڕەشەڕێحان
بە بزەی لێوی غونچە، بە نەسیمی دەم بەیان
لە هۆنراوەی (عوسمان ئەحمەدی) و میلۆدیی هونەرمەند (حەسەن یوسف زەمانی 1931 سنە - 16/8/2009 کەنەدا)، ئەرێنج و ڕابەری ئۆرکێسترا (مستەفا کەسرەوی)، ئۆرکێسترای گەورەی تاران (1968) (1).
هەرچەندە هونەرمەند مەزهەری خالقی لە دیدارێکیدا لەگەڵ پێشکەشکار (محەمەد کەمانگەر) لە ڕادیۆی کرماشانەوە ساڵی (1977) ئاماژە بەو دەنگخۆشانە دەدات کە گۆرانییەکانی ئەو دووپات دەکەنەوە و دەڵێت:
ئێستە لە کوردستاندا هەندێ لاو و گەنجی زۆر زۆر دەنگخۆش و بەدڵ نزیک هەن، حەز ئەکەن هەواکان یان گۆرانییەکانی من وتوومە، هەتا بە چەشنێ من وتوومە، دیسان بیگێڕنەوە (2).
هونەرمەند فەیرووز سابوور، سەبارەت بەو گرووپە موزیکییەی لە ڕادیۆی کرماشاندا کاری ئاوازدانان و تۆمارکردنی بەرهەمەکانیان کردووە، دەڵێت: کاری ئاوازدانانی گۆرانییەکان لە لایەن بەڕێز (مەحمود مێرئاتی 10/8/1938) و ئەندامانی تیپی ئۆرکێسترای ڕادیۆوە جێبەجێ دەکرا. لەو سەردەمەدا لە تەلەڤزیۆن بەڕێز (ئەکبەر ئیزەدی، بەهمەن پوولەکی، ئیسماعیل خانی مەسقەتی، بلوور، ئەبولقاسم پەرەندیان و خەلیل چاڵەچاڵە 1948 - 28/11/2015) کە ژەنیاری تار بوو، و هەندێک جاریش بەڕێز ئیبراهیم ئەحمەدی کە کەمانچەی دەژەنی، گۆرانییەکانمیان تۆمار دەکرد.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (قادر ئەلیاسی 1958) دەربارەی ڕادیۆی کرماشان و گوێبیستنی دەنگ و هونەری هونەرمەند فەیرووز سابوور دەڵێت:
کاتێ چاوم کردەوە و هەستم کرد جگە لە ماڵەوە دنیایەکی دیکەش هەیە، گۆرانی بوو بە خولیایەکی ڕۆژانەم؛ ئەوەی گوێم بۆ ڕادەگرت، ڕادیۆ بوو.
ئەم بیرەوەرییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (1969 بۆ 1970ی زایینی)، ئەو کاتە دوو ڕادیۆ هەبوون: ڕادیۆ بەغدا بەشی کوردی، و ڕادیۆ کرماشان.
لەبەر ئەوەی تەنیا دەنگ بوو و ڕەنگ نەبوو، دەنگی زۆر گۆرانیبێژم بە دەنگی مامۆستا مەزهەر خالقی لە قەڵەم دەدا، لەوانە مامۆستایان (فەیرووز و ئیسماعیل سابوور، ئیسماعیل پیرخدری، حیشمەتوڵڵا لوڕنەژاد و...
بەرەبەرە کە باڵام کرد و لەگەڵ لاساییکردنەوەی دەنگی هونەرمەندان ڕاهاتم، هەستم بە جیاوازییان دەکرد. بەرنامەی گۆرانیی داواکراویش گۆشەیەک بوو کە هەم ناوی گۆرانیبێژەکانی بە گوێدا دەداین، هەم بە دوای ناوی داواکارانی گۆرانییەکە، ناوی گۆرانییەکەشی دەوتەوە.
لەو ڕێگایەوە ناوی مامۆستا فەیرووز سابوورم بەرگوێ کەوت و بەشێک لە گۆرانییەکانیشم بیست. ئەو سەردەمە، سەردەمێکی پڕ لە هەڵکشانی هونەر و موزیکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوو. لە ڕێگای ئەو ڕادیۆیەوە بۆ یەکەمجار موزیک بۆ گۆرانی دابەش دەکرا و مرۆڤ هەستی دەکرد، موزیکیش وەک دەنگی دەنگبێژ نرخی بۆ دادەنرێ.
دەنگی برایانی سابوور جگە لە ڕادیۆ، بە شێوەی کاسێتیش وەک سەفەرنامەی کوردستان و گۆرانییە هاوبەشەکانی ئەوان و مامۆستا خالقی، گوێچکەی من و هۆگرانی هونەری کوردییان زاخاو دەدایەوە. پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران و هاتنەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، (هونەری موزیک و گۆرانی)ش وەک هونەرەکانی دیکە کەوتنە ژێر گوشاری ئەو ڕژێمە، بە جۆرێک زۆربەی ئەو دەنگبێژانە یان بە ناکامی بێدەنگ بوون یان بە پەرتەوازەیی لە دەرەوە گیرسانەوە، مامۆستا فەیرووزیش بە ناچار وازی لە گۆرانیگوتن هێنا و بە کاری دیکەوە سەرقاڵ بوو.» (3)
هونەرمەند فەیرووز سابوور لە ماوەی دوو ساڵدا جوانترین و ناسکترین بەرهەمەکانی لە ڕادیۆی کرماشان تۆمار دەکات، لەو بارەیەوە دەڵێت:
ئەو گۆرانییانەی لە نێوان ساڵانی 1353 و 1354ی هەتاوی (1974 و 1975) تۆمارم کردوون، بریتین لە:
زوڵفی خەیاتەی خاوە، پاییزە، ئەی یاری نازدار دەردت لە من، شیرین کچۆڵەی نازەنین، تەنیایی و شل شل بەڕێم کە دەگەڵ حیشمەت لوڕنەژاددا.
لەو ماوەیەی کە لە ڕادیۆدا بەو هەستە هونەرییە جوانەوە گۆرانی دەخوێنێ، پەیوەندیی دۆستانە و هونەری لەگەڵ هونەرمەندان پەرە دەسێنێ و تەنانەت بە شێوەی دووقۆڵی گۆرانی دەخوێنن، لەگەڵ هونەرمەندان (حیشمەتوڵڵای لوڕنەژاد و سەید ئیسماعیلی پیرخدری) و (ڕوحئەنگیز و فەرەنگیز جەدیدئیسلام). لە ڕێی بەرهەم و گۆرانییەکانییەوە ناو و ناوبانگی هونەریی ئەو دەنگە ڕەسەن و ئارامبەخشەی فەیرووز سابوور بە تەواوی کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە جێی سەرنج و ستایش و بەرزنرخاندنی دەنگ و هونەرەکەی.
هونەرمەند فەیرووز سابوور لەو ماوەی دوو ساڵەدا کۆمەڵێک بەرهەمی بە دەنگە بەسۆزەکەی تۆمار کرد و کەوتە بەرگوێی هەوادارەکانی وەک:
زوڵفی خاو، هەوری لار (دوێنێ تا درەنگ چاوەڕێم کردی)، قەسەم، بیلەنگێنە، ئامینێ و نازەنینێ، ئەمساڵ جوانی تاکو پار، سۆزی ئەوین، ئامۆزا، پاییز، شیرین کچۆڵەی نازەنین، یاری نازدار (4)، گۆرانیی «شل شل بەڕێم کە» بە شێوەی دووقۆڵی لەگەڵ هونەرمەند حیشمەتوڵڵا لوڕنەژاد، باران بارانە و...تاد.
لە درێژاییی کار و تێکۆشانە هونەرییەکانی هونەرمەند فەیرووز سابووردا، نابێت ڕۆڵ و ماندووبوونی هونەرمەندانی ژەنیاری ئۆرکێسترای ڕادیۆی کرماشان و هونەرمەندانی دیکەی وەک (مەحموود میرئاتی، ئیبراهیم ئەحمەدی و ئیسماعیل خانی مەسقەتی و فەرامەرزی کوڕی ئیسماعیل خانی مەسقەتی) لە دانانی ئاواز و ئامادەکردن و دابەشکردنی بەرهەمەکانیدا فەرامۆش بکەین، چونکە ئەو دەست و پەنجە زێڕینانە هاوکار و پشتیوانی هونەرمەند بوون لە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە هونەرییەکانیدا.
بەهۆی ئەوەی کە بەردەوام دەگەڕێم و بەدواداچوون بۆ ژیان و کارە هونەرییەکانی گەوهەرە ونبووەکانی بواری موزیک و ئاواز و گۆرانیی کوردی دەکەم، لێرە و لەوێ پرسیاری ئەوەم لێ دەکرێت کە دەوترێت برایانی سابوور بریتین لە (فەیرووز، ئیسماعیل و عەزیز)؟!
دوای بەدواداچوون و گەڕانم لەو بوارەدا و وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێ دا، برایانی سابوور لەسەر ڕێچکە و شێوازی دەنگە زوڵاڵ و بەسۆزەکەی هونەرمەند مەزهەری خالقی هەنگاویان هەڵگرت. لە دوای ئەو دوو دەنگە مەخمەڵی و بەسۆزەی (فەیرووز و ئیسماعیل سابوور)، دەنگێکی دیکە لەسەر هەمان ڕێچکەی قوتابخانەکەی هونەرمەند مەزهەری خالقی درێژەی بە کاری هونەری دا، ئەویش هونەرمەندێکی دەنگخۆشی شاری کرماشانە (جەمشید عەزیزخانی 1956 کرماشان - 11/9/2025 تاران) بوو. لە لای خەڵک بەو شێوەیە وێنا کرا کە ئەویش برای سابوورییەکانە؛ بۆ زانیاریی هەواداران و خوێنەران، برایانی سابوور تەنیا بریتین لە (فەیرووز و ئیسماعیل سابوور).
هونەرمەند جەمشید عەزیزخانی زۆر بە ڕاشکاوانە دەربارەی کەسایەتی و هونەری هونەرمەند فەیرووز سابوور کە بە مامۆستای خۆی دەزانێت، نووسیویەتی:
خۆشەویستەکەم، مامۆستای مۆسیقام، مامۆستای ئەخلاقم، مامۆستای ژیانم؛ ژیانم لەگەڵ فەیرووز عەزیزدا تێکەڵ بوو، هێواش هێواش دەستم کرد بە چوونە ناو هەموو بوارەکانی، هەموو ئەو شتانەی دەربارەی ژیان و هونەر فێربووم، لەلای ئەوەوە بوو. من لە بچووکییەوە لە هەموو سات و کاتێکدا خۆمم بۆ سەلماندووە و زۆر سوودم لە دەنگی و زانیارییە زگماکییەکەی وەرگرتووە. لە هەر شوێنێکی جیهان بن، لەگەڵ خێزانەکەم، هیوای تەندروستییان بۆ دەخوازم... جەمشید عەزیزخانی (5).
هونەرمەند فەیرووز سابوور، خاوەنی ئەو دەنگە ناسک و هونەرە شیرینە، ئاشکرایە کە لە نزیکەوە لە ڕێی ڕادیۆ یان کاسێتەوە گوێگری دەنگ و هونەری هونەرمەندانی باشووریش بووە، چونکە لەناو گوڵزاری بەرهەمە گوتراوەکانیدا دوو بەرهەمی گوتووەتەوە کە پێشتر لە لایەن هونەرمەندانی باشوورەوە خوێندراون؛ بەرهەمە هونەرییەکان بریتین لە گۆرانیی «دوێنێ تا درەنگ چاوەڕێم کردی» و گۆرانیی «ئامۆزا». بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو دوو گۆرانییە:
یەکەمیان لە لایەن هونەرمەند (عوسمان عەلی 1944 - 21/6/2005):
دوێنێ تا درەنگ، تا درەنگ چاوەڕێم کردی
کوێراییم داهات، هەوری لار بۆ ڕانەبووردی
من گەلێ جوانم دی هاتن تێپەڕین
هەموو بۆ یاری خۆیان پێکەنین...
هۆنراوەی (حەمە عەلی مەدهۆش 1919 - 24/2/1994)، ئامادەکردن و دابەشکردنی موزیک لە لایەن هونەرمەند (شەوکەت ڕەشید 1930 - 17/4/1991) و ئاوازی هونەرمەند عوسمان عەلی. هونەرمەند لە ساڵی (1973 لەگەڵ کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی - مەڵبەندی گشتیی سلێمانی) تۆماری کردووە.
گۆرانیی دووەم: گۆرانیی «ئامۆزا گیان»؛
ئەم گۆرانییە لە ساڵی (1973) بە سەرپەرشتیی هونەرمەند شەوکەت ڕەشید لە کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی - مەڵبەندی گشتیی سلێمانی، بە سێقۆڵی لەلایەن هەر سێ هونەرمەند (حەمەی نێرگز 1944 - 23/9/2013)، عوسمان عەلی و (سەلاح مەجید 8/3/1951) لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک تۆمار دەکرێت. هۆنراوەی گۆرانییەکە هی (مەولەوی تاوەگۆزییە 1806 - 1882) لە هەورامییەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر کوردیی ناوەڕاست (سۆرانی)، ئاوازەکەیشی هی (قادری مەلا محێدین)ـە، ناسراو بە (قادر ئاغا).
هونەرمەند فەیرووز سابوور بە ئەدا و گەروویەکی پڕاوپڕ لە جوانی و ڕەسەنایەتی هەردوو گۆرانییەکەی دووپات کردووەتەوە و لە نێو هەست و نەستی گوێگراندا جێی گرتووە.
یەکێک لە هەوادارانی دەنگە بەسۆزەکەی هونەرمەند فەیرووز سابوور، نووسەر و میدیاکار (هۆمەر نۆریاوی) دەربارەی هونەرمەند ئەم خوێندنەوەیەی بۆ ناردووم و تێیدا نووسیویەتی:
دەڤەری هەورامان، یەک لەو ناوچە ڕەنگاڵەییانەی نیشتمانەکەی کوردانە کە خاوەن سامانێکی زەنگین و ڕەنگینی کولتوورییە و هەر لێرەوە بەژنی بڵندی چاندەکەی کورد خۆی دەنوێنێت. هەر لەم ناوچە کەوناراوەوە، دەنگی گۆرانیی کوردی ئاوێتەی قاسپەی کەوی سەر بڵندایییەکانی نیشتمان بووە و وەک خوڕەی تاڤگە و ڕووبارەکانی، هاژەی دێت و ڕۆح دەلاوێنێتەوە. گۆرانی، لێرە بە قەد باڵای خودی مێژوو کۆنە و هەر لێرەوە، هۆرە و سیاچەمانە و... سەرهەڵدەدەن. دەنگت پێ شک دێت وەک دەنگە نازەنینەکەی ئۆسمان کەیمنەیی (1935)، جەمیل نەوسوودی (1946 - 2024)، سەباح هەورامی (1963 - 2012) و... زایەڵەی لە هەموو شوێنێک بڵندە، کەچی نەرمەدەنگی ئەوتۆیشت پێ سۆراخ دێت کە بۆ خۆی یادەوەری دەنووسێتەوە و وەک لایلایەی دایکان، لاوێنەری ڕۆح و ناخە. لە نێو ڕووبەری هونەری کوردیدا هەندێک دەنگت پێ شک دێت، هەمیشە لە خەیاڵدانی مرۆڤدا دەمێننەوە و هەر بۆ خۆیشیان دەبنە یادەوەری و تێپەڕینی زەمەنیش هەرگیز ناتوانێت تۆسقاڵێک گەرد بخاتە سەریان. یەک لەو نازە دەنگانە پتر لە پەنجا ساڵ پێش ئێستا، لە ڕادیۆ کوردیی کرماشانەوە بۆ هەموو نیشتمان دەگوێزرێتەوە و لەبەر سۆزی نێو ناخەکەی، خێرا دڵان دەتەنێت. فەیرووز سابوور، خاوەن هەمان دەنگە کە لە هەورامانەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و لە ڕێی ڕادیۆوە ئاشنا بە هەموو دڵێکی شەیدای هونەری کوردی دەبێت. بە هاوکاریی چەندان هونەرمەندی کورد هەر وەک مەحموود میرئاتی، هەر لەو دەمەوە لە نێو پەڕتووکی هونەری کوردیدا ناوی نەخش دەبەستێت. فەیرووز سەرەتایەک دەنووسێتەوە و بەستێنەکە بۆ ئیسماعیل سابووری برای سەد هێندە هەموارتر دەکات و بۆ خۆی لە سووچێکی دی ژیاندا دەگیرسێتەوە. یەکێکی دی لەو دەنگە نازەنینانەی نێو دنیای گۆرانیی کوردییە کە لەسەر هەمان شێواز و ستایلەکەی برایانی سابوور دەچڕێت و خاوەن بەهرەیەکی جوانە هونەرمەند (کەریم ڕەحیمی)یە؛ برایانی سابوور دەبنە خاڵۆزای ئەم هونەرمەندە. ڕاستە هونەرمەند فەیرووز سابوور دادەبڕێت، بەڵام تازە نەرمەسۆزی نێو ناخەکەی لە نێو دڵاندا جێی خۆی کردووەتەوە. (6)
لە دوای تۆمارکردنی ئەو بەرهەمە هونەرییانە و بڵاوبوونەوەی دەنگی بەسۆزی بە تەواوی کوردستاندا، چارەنووس هونەرمەند فەیرووز سابوور بەرەو کوێ دەبات؟! خودی هونەرمەند بە ڕاشکاوانە دەڵێت:
بۆچی وازم لە گۆرانیگوتن هێنا؟ ڕاستییەکان بۆ خوێنەر و هەوادارەکانی دەخاتە ڕوو...
فەیرووز سابوور:
لە ساڵی 1354ی هەتاوی (1975) بەملاوە بۆ ماوەی نزیک بە ساڵێک، هەموو کاتی خۆم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی تەرخان کرد و گوڵانی ساڵی 1356 (مانگی نیسانی 1977) لە لایەن کۆمپانیای کشمیرەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ تێپەڕاندنی خولێکی تایبەت و پسپۆڕی لەسەر مەکینە و ئامێرەکانی قوماشی فاستۆنی و پەتوو (بەتانی) ڕەوانەی وڵاتی ژاپۆن و شاری تۆکیۆ لە کۆمپانیای (کانابۆ) کرام.
ساڵی 1358 (1979) کاتێک گەڕامەوە ئێران، شۆڕش سەرکەوتبوو و ڕەوش و دۆخی وڵات بە تەواوەتی ئاڵۆز و شڵەژاو بوو. دەسەڵات و ڕژێمی تازە، دەرفەتی چالاکیی هونەری نەدەدا و گۆرانیگوتن قەدەغە کرابوو. هەموو هونەرمەندان و موزیککارانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن هیچ هۆگرییەکیان بۆ درێژەپێدان بە کاری هونەری نەمابوو. منیش پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، هەمان ساڵ واتە 1358ی هەتاوی (1979) بۆ خستنەگەڕ و دانانی بەردی بنەڕەتی کارگەی دروستکردنی (پەتووی جەم) کە هی کۆمپانیای کشمیر بوو، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە نێوان یەزد و کرماشاندا لە هاتوچۆدا بووم. پاش ڕاپەڕاندن و جێبەجێکردنی کارەکەم، خاکەلێوەی ساڵی 1360 (ئازاری 1981) کرام بە بەڕێوەبەری یەکەی قوماش و پەتووی کۆمپانیای (ئێران مەرینۆس) لقی قوم و ماڵم بۆ قوم گواستەوە. ماڵەکەمان لە ڤێلایەکی نێو خودی کۆمپانیاکەدا بوو و نزیک (6) کیلۆمەترێک لە شاری قومەوە دوور بوو. جگە لە ڤێلاکەی ئێمە، چوار ڤێلای دیکە بۆ ئەندازیارانی کۆمپانیا و بنەماڵەکانیان لە نێو باخچەکەی کۆمپانیادا تەرخان کرابوو کە هەر ئەمە هەستێکی نزیکی دراوسێیەتی لە نێوانماندا دروست کردبوو.
دوابەدوای ئەوەی ڕوومان لە شاری قوم نا، شەڕی نێوان ئێران و عێراق دەستی پێکرد و تا ساڵی 1367ی هەتاوی (1988) درێژەی کێشا. من هەر لەو ماوەیەدا لە ساڵی 1368 (1989) لە زانکۆی ئازادی کاشان بڕوانامەی ئەندازیاریی ڕستن و چنینم وەرگرت، و پاش ساڵێک سەرەتای ساڵی 1369 (1990) وەک بەڕێوەبەری یەکەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی «جامعە»ی مەشهەد گوێزرامەوە بۆ ئەو شارە ئایینییە. ئەگەرچی کۆمپانیا خانوویەکی لە باشترین شوێنی شاردا بۆ بەکرێ گرتبووین و مەشهەد بۆ خۆی گەورەشارێک بوو و ئێمە لەوپەڕی گوزەرانباشیدا بووین، بەڵام ژینگە ئایینییەکەی ئەم شارە هەر وەک شاری قوم دەرفەتی هیچ جۆرە چالاکییەکی هونەریی تێدا نەبوو. تا ساڵی 1373 (1994) لە مەشهەد ماینەوە.
دواتر لە ساڵی 1374 (1995) وەک بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای (پارس فاستۆن) کە گەورەترین کۆمپانیای ڕستن و چنینی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو، گوێزراینەوە بۆ شاری ئەسفەهان. کۆمپانیا خانوویەکی بۆ بەکرێ گرتبووین کە لە نزیک پردی (خاجوو) بوو، شوێنێکی گەلێک لەبەردڵان و دیمەنێکی باڵکێشی هەبوو.
شاری ئەسفەهان پڕیەتی لە شوێنەوار و بینای مێژوویی و ئایینی و شارەکەی کردووە بە شارێکی گەشتیاری؛ بۆیە ژینگەی کۆمەڵایەتی لەچاو شارەکانی قوم و مەشهەد کراوەتر بوو. لە لایەکی دیکەوە کاتێک من پاش ساڵی 1354 (1975) کە دەستبەرداری کاری هونەری بووم، تا ئەو دەمەی ڕوومان لە ئەسفەهان نا، (20) ساڵی بەسەردا تێپەڕیبوو؛ لەبەر ئەوەی بە درێژاییی ئەو ماوەیە من وازم لە گۆرانیگوتن هێنابوو، یدی دەنگم گوڕوتینەکەی جارانی تێدا نەمابوو. لە ماوەی ئەو دە ساڵەی لە ئەسفەهان بووین، منداڵەکانم گەورە ببوون و لە زانکۆ بوون، یدی بەرپرسیارێتیی ئەوان و پێگەی پیشەییم بەو شێوەیە نەبوو کە بتوانم درێژە بە چالاکیی هونەری بدەم. ئەگەرچی مۆسیقا جگە لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران یاساغ بوو، بەڵام هونەرمەندان لێرە و لەوێ، لە ناوخۆ و دەرەوەدا چالاکییان هەبوو و کۆنسێرتیان بەڕێوە دەبرد، لێ لە شاری ئەسفەهاندا گەر ویستبام کاری هونەری بکەم چونکە زمانەکەم کوردی بوو، تیپ و گرووپی مۆسیقایی ئەوتۆم پێ شک نەدەهات.
ڕەنگە گەورەترین هەڵەی ژیانم، دوورکەوتنەوە و دابڕان لە زێدەکەم (کرماشان) بووبێت. گەر لە کرماشان مابامەوە بە دڵنیایییەوە بنەماڵە و هاوڕێیان بۆ درێژەپێدان بە کاری هونەری دنەدەرم دەبوون، هەر وەک چلۆن هونەرمەندانی کرماشان لەوێندەر چالاکیی هونەرییان هەبوو و هێشتایش هەر کار دەکەن. بەڵام من تا ئەو کاتەی لە ئەسفەهان خانەنشین بووم و ساڵی 1385 (2006) لە شارۆچکەی (میهرشار)ی کەرەج خانوویەکم کڕیبوو و ماڵم بۆ ئەوێ گواستەوە، (30) ساڵی بەسەردا تێپەڕیبوو. ئیتر لەو ماوە درێژەدا هیچ چەشنە چالاکییەکی هونەریم نەبوو و بە تەواوەتی لە کاری هونەری دابڕابووم. بۆیە گوڕوتینەکەی سەردەمی لاوەتیم تێدا نەمابوو کە دنەدەر و ورووژێنەرم بێت.
لەلایەکی دیکەوە لەبەر هەستی بەرپرسایەتی لەهەمبەر بنەماڵەدا، ئەگەرچی خانەنشین بووبووم، دیسانەوە لە ساڵی 1386 (2007) بۆ ماوەی (10) ساڵ تا کۆتاییی ساڵی 1395 (2016) بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای ڕستن و چنینی (کۆکما)ی شارۆچکەی پیشەسازیی قەزوێنم لە ئەستۆ بوو. پاشان بۆ ماوەی چوار ساڵ، ڕاوێژکاری بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ڕستن و چنینی (ئاسیا) بووم کە نووسینگە و بنکەی سەرەکیی لە شاری تاران بوو. پاشان پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەوە.
فەیرووز سابوور بەداخەوە لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی شوومی کۆرۆنادا، زۆر بە سەختی دووچاری ئەو ڤایرۆسە دەبێت و شەکەتی دەکات، بەڵام سوپاس بۆ پەروەردگار لەو نەخۆشییە کوشندەیە ڕزگاری دەبێت.
لە کۆتاییدا لە هونەرمەند فەیرووز سابوورمان پرسی: ئایا ئێستا لە وڵاتی ئێران دەژیت یان لە دەرەوە؟ هیچ یەکێک لە منداڵەکانت لە بواری هونەردا کار ناکەن؟
فەیرووز سابوور: لە جۆزەردانی 1400ی هەتاوی (مانگی ئایاری 2021)ەوە دەگەڵ بنەماڵە ڕوومان لە وڵاتی کەنەدا نا. نەخێر، هیچیان کاری هونەری ناکەن، هەر سێ کچەکەم ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە؛ کچە گەورەکەم، ماستەری ژمێریارییە، کچی دووەمم کە ماوەی (20) ساڵە لە کەنەدا دەژیت، پزیشکی ددانە و کچی سێیەمیشم، بەکالۆریۆسی کۆمپیوتەرە. هەموومان لێرە پێکەوە لەژێر میهر و سۆزی یەزداندا لە وڵاتی کەنەدا شاد و خوڕەم دەژین. ئەمەیش سووکەئاوڕدانەوەیەک بوو لە بەسەرهاتی ژیانم و ئەو هۆکارانەی کە نەمتوانی درێژە بە کاری هونەری بدەم .
بەداخەوە بۆ دوورکەوتنەوەی ئەو دەنگە خۆش و هەستبزوێن و گەرووە کوردییەی هونەرمەند فەیرووز سابوور لە دنیا شیرینەکەی هونەری موزیک و ئاوازی کوردی. دڵنیام ئەگەر قورسایی و سەختی و هەوراز و نشێوەکانی ژیان نەبوونایەتە ڕێگر لە بەردەمیدا و بەردەوام بووایە، چەندین بەرهەمی ناوازەی دەخستە سەر خەرمانی گەنجینەی موزیک و گۆرانیی نەتەوەکەی.
سوپاس بۆ پەروەردگار، هونەرمەند فەیرووز سابوور لە ژیاندایە و هیوای تەندروستباشی و ژیانێکی بەختەوەر و ئارامی وەک دەنگە ئارامبەخشەکەی بۆ دەخوازم.
جەمال عومەر (جەمالی دەلاک)
18/11/2026 سلێمانی.
سەرچاوە:
(1 و 2) کتێبی «هاواری دڵ»، گۆرانییەکانی مامۆستا مەزهەری خالقی، ئامادەکردنی: بوار نوورەدین، چاپی پێنجەم، لاپەڕە (128، 22).
(3) پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند قادری ئەلیاسی، 31/10/2026، لە ڕێکەوتی (1/11/2026) لە ڕێی واتساپەوە ئەم خوێندنەوەیەی بۆ ناردم (نەرویژ، ئۆسلۆ - سلێمانی).
(4) ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد، کەڤەری (یادگارییەکانی فەیرووز سابوور).
(5) وتەی هونەرمەند جەمشید عەزیزخانی، تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئینستاگرام).
(6) پەیوەندیی تەلەفۆنی و دواتر لە ڕێی مێسنجەرەوە لەگەڵ هۆمەر نۆریاوی، میدیاکارێکی کوردە کە تەمەنێک لە ڕادیۆ کوردییەکانی تاران و سنەدا خەباتی کردووە و بۆ خۆی خەڵکی دەڤەری هەورامانە. ئەم خوێندنەوەیەی لە ڕێکەوتی (1/11/2026) بۆ ناردووم (پاوە - سلێمانی).
(**) وێڕای سوپاس و پێزانینم بۆ هونەرمەند فەیرووز سابوور، لە ڕێگەی تێلیگرامەوە لە ڕێکەوتی (6/11/2026) وەڵامی پرسیارەکانی دامەوە و زانیارییەکانی دەربارەی ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەریی خۆی پێبەخشیم (کەنەدا - سلێمانی). هەروەها سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ هەریەک لە بەڕێزان (عەبدولڕەحمان بێلاف، دلاوەر ئینەیی، قادری ئەلیاسی و هۆمەر نۆریاوی) زەحمەتیان کێشا و وەڵامی پرسیارەکانیان دامەوە، هەروەها لە ماڵپەڕی: «کرماشان_بۆزرگان» کەڵکم وەرگرتووە.







