ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارەکانی لووتکەی جیهانیی لاوان – کوردستان 2026 لە شاری هەولێری پایتەخت دەستپێدەکات. ئەمەش یەکەمین لووتکەی نێودەوڵەتی لەو شێوازەیە کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لووتکەکە لە لایەن دەزگای کوردستان فاوەندەیشن ڕێکخراوە و لە ماوەی نێوان 24 تاوەکو 26ی تشرینی دووەمی 2026 لەژێر دروشمی داڕشتنی داهاتوو بەردەوام دەبێت. تێیدا زیاتر لە 800 لاو و نوێنەری 47 وڵاتی جیهان، لەگەڵ وەزیران، بەرپرسانی حکوومی، سەرکردەکانی کەرتی بازرگانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدارن.
ئامانج لەم لووتکەیە بەهێزکردنی ڕۆڵی لاوانە لە داڕشتنی سیاسەت و بڕیارە چارەنووسسازەکانی داهاتوو لە ڕێگەی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆیان لە پانێڵ و مێزگردە هاوبەشەکاندا لەگەڵ بڕیار بەدەستان.
کارنامەی سێ ڕۆژەی لووتکەکە 5 تەوەرەی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە: زیرەکیی دەستکرد و وەرچەرخانی دیجیتاڵی، پەروەردە و کارامەییەکانی داهاتوو، گۆڕانی کەشوهەوا، دەرفەتەکانی کار و سەرکردایەتیکردن لەگەڵ هاوکاریی نێودەوڵەتی. ئەم تەوەرانەش لە چوارچێوەی 12 وۆرکشۆپ، 7 دانیشتنی گفتوگۆ و 6 وتاری سەرەکیدا تاوتوێ دەکرێن.
بڕیاریشە لە ڕۆژی کۆتایی لووتکەکەدا، 4 یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ چەند هاوبەشێکی نێودەوڵەتی واژۆ بکرێن بە مەبەستی پەرەپێدانی توانا و دەرفەتەکانی بەردەم لاوان.







