عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی ڕەوتی پڕۆسەی خوێندن و ڕێگریکردن لە سەرپێچییە یاسایییەکان، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان (نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە گەرمیان)، توانرا باندێکی 3 کەسی دەستگیربکرێت کە پێکهاتوون لە 2 کوڕ و کچێک.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، تۆمەتباران هەستاون بە ئەنجامدانی کاری کڕین و فرۆشتن بە ئامێرەکانی قۆپیکردن (گزی) و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک (سناپچات، تیکتۆک و تێلیگرام) خاوەنی چەندین هەژماربوون و بۆ ڕیکلامکردن و ساغکردنەوەی کەلوپەلەکانیان بەکاریان هێناوە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش دا کە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر چەندین ئامێری تایبەت بە قۆپیکردن، بیستۆکی (سەماعە) بچووکی ناو گوێ، پاتری، سیمکارت و ژمارەیەک کەرەستەی دیکەی نایاساییدا گیراوە.
لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەیاندا بەردەوامە.







