ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، د. سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەددین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) تیشکی خستە سەر وردەکاریی سیستەمە تەندروستییە نوێیەکە و ڕایگەیاند، تەواوی ئامادەکارییەکان کۆتاییان هاتووە و پڕۆسەی ناونووسین لە سیستەمەکەدا بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، بە جۆرێک قوتابی خۆی زانیارییە تەندروستییەکانی تۆمار دەکات.
گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەددین ڕایگەیاند، چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیی ئەو قوتابیانە بە تەنیا لە ئەستۆی زانکۆ نابێت، بەڵکو بە هەماهەنگییەکی بەردەوام لە نێوان زانکۆ، نەخۆشخانەکان و خێزانی قوتابیاندا بەڕێوەدەچێت، تاوەکو بە باشترین شێوە ئاگاداری دۆخی تەندروستییان بن.
د. سامان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، وەک بەشێک لە پلانەکە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ ڕاهێنانی تایبەتیان پێدەکرێت بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەناکاودا بتوانن بە خێرایی مامەڵە بکەن، هاوکات جەختی کردەوە کە بۆ ئاسانکاریی زیاتر، ئەو قوتابیانەی پێویستیان بە چاودێریی تایبەتە، لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەزموونەکاندا لە شوێنی تایبەت دادەنرێن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەددین ئاشکرایکرد کە هیچ وادەیەکی دوور لە بەردەم پڕۆژەکەدا نییە و هەر لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی لینکی سیستەمەکەوە، کارەکە جێبەجێ دەکرێت.







