ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردوە: ڕۆژی سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت و لە ماوەی پێنج ڕۆژدا سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە هەمان کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەکرێت کە لە دوای ڕێکەوتی 1ـی تەممووزی 2024 بە شێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونیشی کردووەتەوە، بەهۆی دابەزینی داهاتی ناوخۆ و کەمیی پارەی کاش لە بانکەکاندا، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی ئەو چین و توێژانە ماوەی پێنج ڕۆژ دەخایەنێت.







