گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان تیڤی ئاشکرای کرد، بڕیارە شاندەکە کە لە 25 بازرگانی شارەکانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، بەشداری لە کۆڕبەندی ناوەندی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی دوبەی بکات کە لە بەرواری 2026/11/25 بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەم کۆڕبەندە زیاتر تایبەتە بە بوارەکانی کشتوکاڵ، ئاسایشی خۆراک، وزە و ژینگە. وتیشی: "ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە، دروستکردنی پردی پەیوەندی و هاوبەشیکردنی بازرگانانی هەرێمی کوردستان و دوبەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕۆژەی هاوبەشی بازرگانی و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن".
گەیلان حاجی سەعید ئەوەشی خستەڕوو کە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکان، خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی ئیمارات ئەنجام دەدرێن، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە لە بواری ئابووری و پیشەسازیدا.







