هەر لە مەراسیمەکەدا کە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، باراڤ بارزانی دامەزرێنەر و سەرۆکی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور، و ژمارەیەک لە کونسول و نێردەی دیپلۆماسی و نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە و کەسایەتی و هونەردۆستان، ئامادەبوون، یەکەمین پیشانگای هونەرمەند سیروان باران لە هەرێمی کوردستان، بە ناونیشانی «هێڵی 36» کرایەوە، کە کۆمەڵێک لە بەرهەمە هونەرییەکانی ئەم هونەرمەندەی لەخۆگرتبوو و بە رەنگ و هێڵ گوزارشتی لە ژمارەیەک باس و بیر و چیرۆک کردبوو .
هەروەها لە پەراوێزی ئەم رێورەسمەدا ئیڤێنتێکی کولتووری پێشکەشکرا کە کار و بەرنامەی ناوەندەکەی لەخۆگرتبوو .کردنەوەی ئەم گەلەرییە بەشێکە لە پڕۆژەی فراوانی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور، بۆ بووژاندنەوەی کۆڵانی مێژوویی عەرەبان و گۆڕینی بۆ یەکەمین ناوچەی کولتووری لە هەرێمی کوردستان.
پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوە و بەکارهێنانەوەی چوار خانووی کەلەپووری لەخۆدەگرێت، کە بریتین لە گەلەریی عەرەبان بۆ پیشاندانی بەرهەمە هونەرییەکان، ماڵی دەستنووسەکان بۆ پاراستن و پیشاندانی ئەرشیف و بەڵگەنامە مێژووییەکان، هەروەها دوو ناوەندی فێربوون بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای کەسایەتی و کادیرانی کەرتی کولتووری و هونەری.
ئەم هەنگاوە بۆ پەرەپێدانی ژینگەی هونەری و کولتووری، پاراستنی کەلەپووری مێژوویی و زیندووکردنەوەی ناسنامەی شارستانیی هەولێر بە گرنگ دادەنرێت.







