ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لەوە کردووەتەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بەپێی دەستوور بوونی هەیە و دامەزراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فەرهاد ئەتروشی ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارانەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دەرچوون، لەگەڵ ڕێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی پەیوەست بە هەردوو دۆسیەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان، پێویستە بە پشتبەستن بە دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان و لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەش داوە، هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەش و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان لە نێوان بەغدا و هەولێردا بەردەوامن و پێشکەوتنیش لە ڕەوتی گفتوگۆکان و کاری لیژنە هونەرییەکاندا هەیە.
فەرهاد ئەتروشی دووپاتیشی کردووەتەوە کە گەلی کوردستان مافی دەستووریی خۆی هەیە و گفتوگۆ تاکە ڕێگەی گەرەنتیکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.







