بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە هۆشدارییەکی نوێدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەرفراوان و بەهێزی بارانبارین و بەفربارین لە دەریای ناوەڕاستەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی هۆشدارییەکەی کەشناسی، لە ڕۆژی یەکشەممە 29ی تشرینی دووەم، شەپۆلەکە بە کاریگەریی نزمەپەستانی دەریای ناوەڕاست بە لاوازی دەست پێدەکات، بەڵام لە ئێوارەی دووشەممەوە چالاک دەبێتەوە.
چەقی بەهێزیی شەپۆلەکە لە ڕۆژی سێشەممە 1ی کانوونی یەکەم، دەبێت و سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ بارانبارینەکە بە شێوەی لێزمەباران و هەورەتریشقە دەبێت و لە هەندێک کاتدا ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو هەیە.
کاریگەریی ئەم کەشوهەوایە تا ڕۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی درێژ دەبێتەوە و بۆ ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت، کە هاوکات دەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی پلەی گەرما، زیادبوونی خێرایی با بۆ سەرووی 35 کم/ک و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان.
بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسیش ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم، ئاسمان بەگشتی نیمچەهەور دەبێت، خێرایی با لە هەندێک کاتدا بۆ سەرووی 25 کم/ک زیاد دەکات، هاوکات لە نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆدا لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمەباران هەیە و پلەی گەرما کەمێک دادەبەزێت.
هەروەها بۆ سبەی پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەم، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان نیمچەهەور دەبێت. پلەی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ (2 - 3) پلەی سیلیزی زیاتر دادەبەزێت.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
ناوچە ئەمڕۆ چوارشەممە سبەی پێنجشەممە
هەولێر 23 21
سلێمانی 21 18
دهۆک 22 19
هەڵەبجە 23 20
زاخۆ 21 19
سۆران 18 16
پیرمام 18 16
ئاکرێ 21 20
چەمچەماڵ 23 21
گەرمیان 26 24
حاجی ئۆمەران 13 11
بڕی بارانبارینی 24 کاتژمێری ڕابردوو لە وێستگەکان:
بارزان: 5 ملم
مێرگەسۆر: 4 ملم
شیلادزێ: 2 ملم
سیدەکان: 1.5 ملم
ڕەواندز: 1.5 ملم
دینارتە: 1.5 ملم
سۆران: 0.9 ملم
بەرزێوە: 0.5 ملم
ئاکرێ: 0.2 ملم
خەلیفان: دڵۆپ دڵۆپ







