لە بەیاننامەی ئەو هەشت لایەنەدا هاتووە کە بڕیار و ڕێکارەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی عێراق دژ بە هەرێمی کوردستان، دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم و بنپێکردنی بنەمای شەراکەت و هاوبەشیی نیشتمانییە لە عێراقدا.
لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن، نەک بە زمانی هەڕەشە، سەپاندنی ئەمری واقیع و دەرکردنی بڕیاری تاکلایەنە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا، ئەو لایەنانە بانگەوازێکیان ئاراستەی سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی هەڵوێست و پەرەپێدانی هەماهەنگیی هاوبەش، لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک.







