ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم، هەموارێکی لە دەقی ڕوونکردنەوەکەیدا کرد کە لە پلاتفۆرمە فەرمییەکانیدا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا زاراوەی "حکوومەتی ناوەندی" گۆڕیوە بۆ "حکوومەتی فیدراڵی". ئەو زاراوەیەیە بە شێوەیەکی فەرمی لە دەقەکانی دەستووردا پەسەندکراوە بۆ ناوهێنانی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانیی عێراق.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕوونکردنەوەکەیدا داوای لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم و سەرجەم هێزە سیاسییەکان کردووە پابەندبن بەوەی لە دەستووردا هاتووە، دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق ڕاگەیەنراوێکی هەڕەشەئامێزی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ئەمەش لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕەتکرایەوە و کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە.







