لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: لێدوانەکانی ئەم دواییەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان جێی مەترسی و نیگەرانییە. دەستووری عێراق بە ڕوونی شێواز و ڕێکارەکانی پەیوەندی و دابەشکردنی ماف و دەسەڵاتەکانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا دەستنیشان کردووە.
دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن هۆشداریی دا لە لێکەوتەی گرژییەکان و ڕایگەیاند: پێویستە کێشە و گرفتەکان لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا و ڕێزگرتن لە گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکان بێت، نەک زمانی زەبر و هێز کە خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات و ئارامی و سەقامگیریی عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد بەردەوام بن لە دۆزینەوەی چارەسەری دەستووری بۆ کێشە و گرفتەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دووپاتی کردەوە: هەر هەوڵ و ڕێکارێکی دیکە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستووری و یاساییدا دادپەروەری بەدی ناهێنێت و زەرەر و زیانیش بە گشت عێراق دەگەیەنێت.







