ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە بایەخەوە چاودێریی پێشهاتەکانی هەڵوێستە سیاسییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنن کە تێیدا هانی حکوومەتی فیدراڵیی داوە بۆ پابەندبوون بە نەگۆڕە نیشتمانییەکان لە پاراستنی قەوارەی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی ماددەکانی دەستوور.
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان جەختی لەسەر هەڵوێستی خۆی کردووەتەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارانەی حکوومەتی عێراق کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و سەپاندنی ڕێکاری تاکلایەنە دەکەن و دەست بۆ دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەبەن، دووپاتیشی کردووەتەوە: "ئەمە لە خۆیدا بە پێشێلکردنێکی زەقی ڕووحی دەستوور و مافەکانی هەرێم دادەنرێت".
هاوکات سەندیکا داوای لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کردووە هەڵوێستێکی هاوسۆزییان هەبێت بۆ پشتیوانیکردن لە چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕەتکردنەوەی ئەو هەڕەشانەی دەست بۆ قەوارەی هەرێم دەبەن، ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەم هەڵوێستە لە چوارچێوەی ماددەی (20) بڕگەی شەشەمی یاسای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستاندایە، کە بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم، سیستەمی فیدراڵی و مافە دەستوورییەکانی بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی وەسف دەکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هیوای خواستووە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و هاوبەشی چارەسەر بکرێن، لە پێناو پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و مافی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق.







