پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چالاکییە دوای ئەوە دێت نوێنەرانی سەرجەم چین و توێژەکان داواکارییەکی فەرمییان پێشکەش کردبوو بۆ وەرگرتنی مۆڵەت؛ لەسەر ئەم بنەمایەش، سبەی لە کاتژمێر 10:30ـی پێشنیوەڕۆ لە نزیک قەڵات لە باغی شار گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکە دەست پێدەکات کە تەواوی پێکهاتە و توێژە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت.
ئومێد خۆشناو دووپاتی کردەوە کە وەک لێژنەی ئەمنیی پارێزگا، جیا لە پێدانی مۆڵەتی فەرمی، سەرجەم ئامادەکارییە پێویستەکان گیراونەتەبەر بۆ ڕێکخستن و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەران.
لە کۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر داوای لە جەماوەر، سەرجەم چین و توێژەکان، هێزە سیاسییەکان، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کرد کە بەشدارییەکی کارا و بەرفراوانیان لە خۆپیشاندانەکەدا هەبێت لە پێناو یەکڕیزی و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.







