لە بەیاننامەکەی بزووتنەوەی ئیسلامیدا هاتووە، ئەو مەترسی و بڕیارانەی ئەمڕۆ بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەدرێن، پێشبینیکراو بوون و پێشتریش چەندین جار هۆشدارییان لەبارەوە درابوو، بەڵام خەمساردی لە ئاست ئەو مەترسییە گەورانە وای کرد کە هەڕەشەکان بچنە قۆناغی کردارییەوە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی خەڵک دروست بکەن.
بزووتنەوەی ئیسلامی داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەڕەشەکان بە جددی وەربگرن و دەڵێت: هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حیزب، لایەن و گرووپێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو موڵکی هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستانە بەبێ جیاوازی، وە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و خەبات و تێکۆشانی خەباتکاران، زیندانیانی سیاسی و سەرجەم گەلی کوردستان بەدیهاتووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە وەستانەوە لە بەرامبەر ئەم مەترسییانەدا ئەرکێکی ئایینی، نیشتمانی و ئەخلاقییە و پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزی هەیە، هاوکات هۆشداری دراوە کە ئۆباڵی هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نەخوازراو دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان ئەگەر لەسەر کەمتەرخەمییەکانیان بەردەوام بن.







