لە ڕاگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە: بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی نەوت لە وەزارەتی نەوتدا، پێشهاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدراڵیزم لاواز دەکەن.
بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەوە کردووەتەوە کە وێڕای پشتیوانیی تەواویان بۆ نەهێشتنی قاچاخچێتی و گەندەڵی، بەڵام نابێت چارەسەرکردنی ئەم پرسانە بکرێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستوور، کاڵکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی پێگەی کورد، بۆیە داوا دەکات بەغدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە کە پەرتەوازەیی ناوخۆیی و لاوازیی دامەزراوەکان پێگەی هەرێمیان لاواز کردووە، بۆیە پاراستنی قەوارەی هەرێم لەم قۆناغەدا بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە؛ لەو ڕوانگەیەشەوە بزووتنەوەی گۆڕان بانگەوازێکی ئاراستەی تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردووە بە زووترین کات کۆببنەوە و ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن، لە پێناو داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و داکۆکیکردن لە ئیرادەی سیاسی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بە یەک گوتار.







