لە بەیاننامەکەی ئەنەکەسەدا هاتووە: "لە پێشهاتێکی مەترسیداردا، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ڕۆژانی 23 و 24ـی تشرینی دووەمدا، بڕیاری تاکلایەنەی دەرکردووە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردووە بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەمەش بەزاندنی چوارچێوە دەستوورییەکان و دەستدرێژیکردنە بۆ سەر بنەماکانی هاوبەشی و تەوافوق کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە."
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم ئاڵۆزکردنەی دۆخەکە، هەر هەڕەشە و جووڵەیەکی سەربازیی ڕەتکردەوە کە زیان بە پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، هاوکات داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد کە ڕیزەکانیان یەکبخەن و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی بخەنە پێش هەموو شتێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتانە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، ئەنەکەسە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت ئەمریکا کرد کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە خزانی عێراق بەرەو قەیرانی نوێ، لەگەڵ پەیڕەوکردنی دیالۆگ بەپێی دەستوور.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ئەنەکەسە ڕۆڵی مێژوویی هەرێمی کوردستانی لە حەواندنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە سەردەمی دیکتاتۆریدا بەبیر هێنایەوە، و هاوپشتیی تەواوی خۆی بۆ سەرکردایەتی و گەلی کوردستان دووپات کردەوە.







