ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی لە بەغدا، بە یاوەریی شاندێکی ناوەند، لە بەغدا سەردانی محەممەد شیاع سوودانی کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتیی سیاسیی وڵات، پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵوگۆڕ کراوە.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی لە ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان باشترین چوارچێوەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، کارکردن بۆ بەهێزکردنی متمانەی دوولایەنە و پاراستن و سەقامگیری و بەردەوامیی بنەماکانی سیستمە فیدراڵییەکە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگی بنیاتنەر و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان کردووەتەوە، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە یەکلاکردنەوەی پرسە هاوبەشەکان و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل بگەیەنێت.







