دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بۆ ڕای گشتی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و هۆشداری دا لە مەترسیی هەر هەڵوێستێک کە ببێتە هۆی دروستبوونی نادڵنیایی و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.
دەستەی مافی مرۆڤ جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی دانپێدانراوە، پاراستنی کەرامەت، ئاسایش و بژێویی دانیشتووانەکەشی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی یاسایی و ئەخلاقیی هەموو لایەکە، لەو ڕوانگەیەشەوە چەند خاڵێکی سەرەکی خستەڕوو:
1. دەستەی مافی مرۆڤ داوا دەکات دەستووری عێراق وەک خۆی و بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، نەک بە شێوازی هەڵبژاردەیی (ئینتیقائی) و پەراوێزخستنی بڕگە بنەڕەتییەکان؛ هاوکات سەرجەم بڕیارەکان دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا بن بە ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی هەرێم.
2. هەروەها پێویستە هەر ناکۆکییەک تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێت، پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئارامی و سەقامگیریی هاووڵاتییانی سڤیل.
3. لە لایەکی دیکەوە جەخت کراوەتەوە کە نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان تێکەڵی ژیان، مووچە و بژێویی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێن، بەوپێیەی دەستەبەرکردنی بژێوی یەکێکە لە مافە سەرەکییەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ.
4. دەستەی مافی مڕۆڤ داوا لە بەغدا دەکات لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، زمانی لێکتێگەیشتن و هاوکاری پەیڕەو بکات بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان تا سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە چاودێریکردنی ڕەوشەکە بەردەوام دەبێت و نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو پێشهات و مەترسییەکان ئاگادار دەکاتەوە.







