ئەنتۆنیۆ گوتێرێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێگەی گوتەبێژەکەیەوە پەیامێکی ئاراستەی هەولێر و بەغدا کرد و داوای کرد تەواوی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوانیان بە ڕێگەی ئاشتییانە، دانوستانی سیاسی و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکەن، هاوکات ئامادەییی تەواوی خۆی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی ناوبژیوانی لە نێوان هەردوولادا ئەگەر داوای لێ بکرێت.
نووسینگەی ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی "دەنگی ئەمەریکا"دا سەبارەت بە هەڵوێستی ڕێکخراوەکە لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان هەردوو لا کردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "سکرتێری گشتی هانی گفتوگۆ و هەماهەنگیی بونیادنەر لە نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات. پرسە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەبێت بە ڕێگەی ئاشتییانە، لە ڕێگەی دانوستانی سیاسی و لەسەر بنەمای دەستووری کۆماری عێراق چارەسەر بکرێن".
نووسینگەی گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێمە پێمان وایە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هاوکاری بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و باشترکردنی بژێوی و خۆشگوزەرانیی هەموو عێراقییەکان زۆر گرنگە".
لە کۆتایی پەیامەکەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەییی سکرتێری گشتیی نیشانداوە بۆ نزیککردنەوەی هەڵوێستەکان و ڕایگەیاندووە: "هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سکرتێری گشتی لەبەردەستدان بۆ ناوبژیوانی، ئەگەر لایەنەکان داوای لێ بکەن".







