ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەم، پارێزگاری هەولێر لە سوپاسنامەکەیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ جەماوەری بەئەمەکی هەولێر بە جۆش و خرۆشێکی کوردستانیانە و هەستێکی بەرزی نیشتمانپەروەرانەوە، بەشدارییەکی کارایان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد تاوەکو پەیامێکی ڕوون و ئاشتیخوازانە بگەیەننە جیهان؛ ئامادەبوونی فراوانتان سەلماندی کە خەڵکی هەولێر و دەوروبەری هەمیشە قەڵغانێکی پۆڵایینن بۆ پاراستنی خاک و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر مافە ڕەواکان و سەروەریی نیشتمان ناکەن.
ئومێد خۆشناو دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی ئاراستەی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمەکانی تەندروستی و خزمەتگوزاری کرد، کە لە ئەرکدا بوون و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پاراستنی ئارامی و ڕێکخستنی سەرکەوتووانەی خۆپیشاندانەکەیان بەڕێوەبرد.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پارێزگاری هەولێر سوپاس و پێزانینی ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، میدیاکاران و دەزگا ناوخۆیی و بیانییەکان کرد، بۆ ڕووماڵکردنی پیشەییانە و گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی ئاشتیخوازانەی جەماوەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.







