لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "یو تی ڤی"، شەوی ڕابردوو هوشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، پەردەی لەسەر چەندین نهێنیی نوێ سەبارەت بە دۆخی بەغدا و هەرێمی کوردستان هەڵدایەوە. زێباری ڕەخنەی توندی لە دادگای فیدراڵی گرت بەهۆی یەکلاکردنەوەی حەوت دۆسیەی دەستووری "بە خێرایی ، هاوکات ئاشکرای کرد کە بە نێوەندگیریی فایەق زێدان و هاتنەسەرهێڵی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، هەوڵێکی گەورە بۆ بەستنی کۆبوونەوەی نیشتمانی لە ئارادایە
لە نێوان بڕیارە خێراکانی دادگای فیدراڵی و هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا، هوشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "یو تی ڤی"، پەردەی لەسەر چەندین نهێنیی نوێ هەڵدایەوە و ڕەخنەیەکی توندی لە شێوازی کارکردنی دادگای باڵای فیدراڵی گرت. زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە دادگا لە یەک دانیشتندا و "بە خێرایی"، حەوت دۆسیەی دەستووریی یەکلاکردووەتەوە و ڕاڤەی بۆ کردوون، لە کاتێکدا سەیرکردنی ئەم دۆسیانە ماوەی بیست ساڵە دواکەوتووە؛ بە بڕوای ئەو، خستنەڕووی حەوت دۆسیە لە کاتژمێر هەشتی بەیانی و دەرکردنی بڕیار لەسەریان لە دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا، پێشینەیەکی نامۆیە و لەگەڵ بنەماکانی ڕاوێژکردنی یاسایی یەکناگرێتەوە، هاوکات ئەم ڕاڤەیە "بنەمای پێشینەیی" لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا پەکدەخات و تەنها دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵی زاڵ دەکات بەبێ ڕەچاوکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرەڕای ئەم گرژییە یاساییانە، زێباری پەردەی لەسەر بوونی جموجۆڵێکی سیاسیی "زۆر گەورە" لە بەغدا لادا کە تێیدا فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە چەقی نێوەندگیرییەکاندایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، هاوکات هەریەک لە ئەمریکا، تورکیا، ئێران و چەند وڵاتێکی عەرەبی بە چڕی لەسەر هێڵن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک. لەم چوارچێوەیەشدا، زێباری ئاشکرای کرد کە پێشنیازێک لە ئارادایە بۆ بەستنی "کۆبوونەوەی نیشتمانیی گەورە" لە نێوان زەیدی، فایەق زێدان، پارتی، یەکێتی، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردە سوننەکان، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم قەیرانە لە چوارچێوەی دەستووردا، و جەختی کردەوە کە ئەوان بۆ گرژکردنی دۆخەکە لە بەغدا نین و هێشتا ڕێگاکانی چارەسەر دانەخراون.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، هوشیار زێباری هەڵوێستێکی جیاوازی بەرامبەر بە "زەیدی" نیشان دا و ڕایگەیاند کە لە پرسی داماڵینی چەک،لەدەست گروپە چەکدارەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕێگری لە قاچاخچێتی نەوت، پشتگیرییان لە سەرۆک وەزیران کردووە و هیچ گومانێکیان لەزەیدی نەبوە. زێباری بە ڕاشکاوی دووپاتی کردەوە کە لە ڕێگەی مامەڵەکردنیانەوە هیچ مەیل و ئەجێندایەکی تایفەگەری یان ڕەگەزپەرستییان لە زەیدی بەدی نەکردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە نابێت ئەو دۆسیانە بکرێنە بیانوو بۆ هەڵکوتانە سەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، هاوکات سەرسوڕمانی خۆیشی نەشاردەوە لەوەی دۆخەکە بەم ئاستە گەیشتووە، بەتایبەت کە پێشتر فالح فەیاز وەک نوێنەر سەردانی کردوون و لەسەر زۆربەی پرسەکان گفتوگۆیان کردووە.
ئێستا سەرجەم چاوەکان لەسەر دەرەنجامی کۆبوونەوە چڕەکانی شەوی بەغدان و پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا نێوەندگیرییەکانی فایەق زێدان و فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن لێکەوتەی بڕیارە "بروسکەییەکانی" دادگای فیدراڵی تێپەڕێنن و دەرگای کۆبوونەوە نیشتمانییە گەورەکە بە ڕووی چارەسەرێکی دەستووریدا بکەنەوە، یان عێراق و هەرێمی کوردستان پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێی گرژیی سیاسی و یاساییەوە؟







