ئەمڕۆ هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد: دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بەهۆی دروستبوونی کێشە لە نێوان چەند گەنجێکدا لە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی، ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا، بەهۆیەوە هاووڵاتییەک بە ناوی (ر. ع. ص) تەمەن 22 ساڵ گیانی لەدەستدا و هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی (هـ. هـ. ج) تەمەن 18 ساڵ بریندار بوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دوای ئاگادارکردنەوەی دادوەری لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و ڕێکخستنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، هێزەکانی پۆلیس بە هەماهەنگی لەگەڵ مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانییان تۆمەتباری ڕووداوەکە بە ناوی (ب. ب. ن) تەمەن 20 ساڵ دەستگیر بکەن و دەستیش بگرن بەسەر چەکێکی جۆری دەمانچەدا کە لە تاوانەکەدا بەکار هاتبوو.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش داوە، ئێستا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەکە بەردەوامن.







