د. ئۆلیگ گلادیشێڤ، پسپۆڕی ڕووسی لە بواری خۆراک ڕایگەیاند: خواردنی سیر بە گەدەی بەتاڵ زیان بە تەندروستیی کۆئەندامی هەرس دەگەیەنێت، بەو پێیەی هەندێک کەس بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی ڤیتامین بەتایبەت ڤیتامین (C)، بڕێکی زۆر لە سیر بە گەدەی بەتاڵ دەخۆن، بەڵام ئەم ڕەفتارە گرفتی بێزارکەر لە کۆئەندامی هەرسدا دروست دەکات.
ئەو پسپۆڕە تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی سەر تووشبووانی نەخۆشییەکانی هەرس و ڕوونیکردەوە کە ئەو باوەڕە باوەی سیر بە سەرچاوەی سەرەکیی ڤیتامین (C) دەزانێت، زیادەڕۆیی لە خواردنیدا بە ڕەوا ناکات، هەرچەندە سیر دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی (B) و (C)، لەگەڵ توخمەکانی مەنگەنیز، سێلینیۆم، مس، فۆسفۆر و زینک، بەڵام تامی توند و بەهێزەکەی وا دەکات خواردنی بڕی پێویست لێی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی جەستە قورس بێت.
د. ئۆلیگ ئەوەشی خستە ڕوو، سیر هاندەری دەردانی ترشەڵۆکی گەدەیە و دەبێتە هۆی هەوکردن و سووتانەوەی پەردەی ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە ئەستوورە، کە ئەمەش دروستبوونی با و هەستکردن بە ئازاری لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی کێشەی کۆئەندامی هەرسیان هەیە لە کاتی خواردنیدا زۆر وریابن.
لە کۆتایی ڕێنماییەکانیدا، ئەو پزیشکە پسپۆڕە جەختی لە پێویستیی ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ کردەوە بەر لە پەنابردنە بەر خواردنی هەر خۆراکێک کە کاریگەریی هاندەر و زیانبەخشی لەسەر کۆئەندامی هەرس هەبێت.







