ئەمڕۆ شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەولێر، لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت و پێشکەوتوو بە توانای (100) تەختی خەواندن بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا لە شاری هەولێر جێبەجێ دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر زەویی گونجاو بۆ پڕۆژەکە دابین کراوە و لە ئێستاشدا کارەکان بۆ ئامادەکردنی دیزاینی کۆتایی نەخۆشخانەکە بەردەوامن.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، پارێزگار تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە تاوەکو لە زووترین کاتدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت، هاوکات جەختیشی کردووەتەوە کە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بەم پڕۆژە مرۆیی و تەندروستییە دەکرێت، چ لە ڕووی دابینکردنی زەوی و چ لە ڕووی گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانەوە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازاری نەخۆشانی تالاسیمیا و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی پزیشکی.







