ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و بەدواداچوونی کارەکان، سەردانی گەورەپڕۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێری کرد، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای "ئاوزان" بە گوژمەی (579) ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێوەبەر و ستافی کۆمپانیای ئاوزان کۆبووەوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان کرد، پاشان بەشەکانی پڕۆژەکەی بەسەرکردەوە و ڕێنمایی و ڕاسپاردەی دایە کۆمپانیای جێبەجێکار و تیمی ئەندازیارانی وەزارەت، تاوەکو لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەپێی دیزاین و بە باشترین شێوە کارەکانی تەواو بکرێن.
ساسان عەونی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە: "ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت جێبەجێ دەکرێت و خەونێکی لەمێژینەی شاری هەولێرە".
وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە هاوشانی پڕۆژەی فریاگوزاریی گەیاندنی ئاوە کە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت شاری هەولێری لە گرفتی کەمئاوی ڕزگار کرد، هاوکات ئەم وێستگەیە گەورەترین پڕۆژەیە کە خزمەت بە ژینگەی هەولێر، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، ڕێگری لە ژەهراویبوونی خاک، پاراستنی تەندروستیی گشتی و کەرتی کشتوکاڵی ناوچەکە دەکات و لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە، هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکیشی لە ئاودانی ناوچە سەوزاییەکان، پشتێنەی سەوزایی و بەروبوومی کشتوکاڵیدا دەبێت.
شایەنی باسە، لە ڕۆژی 16ـی تشرینی دووەمی 2025 بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرا.







