قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، ڕێستورانتی (بێنێلی) لە شاری هەولێر داخرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم ڕێکارە بەپێی زانیاریی پێشوەختە و دوای ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی وردی لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنی شوێنەکە لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەکانەوە هاتووە، کە تێیدا سەلمێنراوە ڕێستورانتی (بێنێلی) سەرپێچیی بەرچاوی یاسایی ئەنجام داوە و ڕێگەی بە منداڵان و نەوجەوانانی خوار تەمەن (18) ساڵ داوە لە ناو ڕێستورانتەکەدا خواردنەوە کحولییەکان بەکار بهێنن.
قایمقامییەتی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانەوە ڕێستورانتەکە داخراوە، هاوکات خاوەنی شوێنەکەش ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی کراوەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە پشکنین و چاودێریکردنی تەواوی شوێنە گشتییەکان و ڕێگە بە هیچ جۆرە سەرپێچییەک نادەن کە ئاسایش، سەلامەتی و ڕەوشتی گشتی، بەتایبەت منداڵان و مێرمنداڵان، بخاتە مەترسییەوە.







