بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی ئاسایشی هەولێر، پێشتر خێزانێکی شاری سلێمانی بە مەبەستی کۆچکردن بەرەو ئەوروپا پەنایان بۆ قاچاخچییەک بردووە، بەڵام لە وڵاتی تورکیا و لە کاتی پەڕینەوەیاندا بە بەلەمێکی لاستیکی (چۆپ) بە ڕووبارێکدا، بەلەمەکەیان نوقم بووە، لە ئەنجامی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەشدا سێ منداڵی خێزانەکە بە ناوەکانی (هەستیار، هەریاد و میلا) خنکان و گیانیان لەدەستدا.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و بەدواداچوونی چڕ، ناسنامەی قاچاخچییەکە بە ناوی (ڕ. ئە. م) ئاشکرا کرا، پاشان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرا و ڕادەستی دادگا کرا.







