ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ئاگادارییەکدا بۆ سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، بەتایبەت پلاتفۆرمی (تیکتۆک) کە لە ڕێگەی دەرکەوتن و لایڤەوە مامەڵە دەکەن، کۆمەڵێک ڕێنمایی و هۆشداریی فەرمیی بڵاو کردەوە.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە: بە مەبەستی پاراستنی دابونەریت و کولتووری کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە دیاردەی نەخوازراو، پۆلیسی هەولێر سەرجەم هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سووکایەتیکردن بە یەکدی، یان بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوەڕۆکی نەگونجاو، جەختیش کراوەتەوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە جگە لەوەی دژ بە بەها کۆمەڵایەتییەکانن، دەبنە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە و تاوان، بۆیە هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە: ئاگاداری ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لایڤ دەکەنەوە، پێویستە لە ماوەی (15 ڕۆژ)دا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن بە مەبەستی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت، پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی ڕێنماییە فەرمییەکان، هاوکات هۆشداری دەدات کە هەر کەسێک پابەند نەبێت، خۆی لە بەرامبەر یاسادا بەرپرسیار دەبێت.







