ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاکستان (ISPR) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە دوو ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی جیاوازدا لە ناوچەکانی (کاچی و خاران) لە هەرێمی بەلوچستان، 17 چەکدار کوژراون، هاوکات سەربازێکی سوپاش کوژراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنی یەکەم لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری بووە لەسەر بوونی چەکدارانی سەر بە هەردوو گرووپی ناسراو بە (فتنەی هیندۆستان) و (فتنەی خەواریج)، لەو چوارچێوەیەدا لە ناوچەی "سانی" لە هەرێمی کاچی (10) چەکداریان کوژران پاش ئەوەی هەوڵیان دابوو بازگەیەک لەسەر ڕێگای گشتی دابنێن، هەروەها (7) چەکداری دیکەش لە کاتی هەڵکوتانە سەر حەشارگەیەکیاندا لە ناوچەی خاران کوژراون.
سوپای پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، لە پێکدادانەکاندا سەربازێک بە ناوی (حیکمەتوڵڵا) کە تەمەنی 25 ساڵە و خەڵکی ناوچەی کەرەکە گیانی لەدەستداوە، هەروەها لە شوێنی هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە چەک و تەقەمەنیدا گیراوە و ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنیش بۆ ڕاوەدوونانی چەکدارانی دیکە بەردەوامە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوون کراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی هەڵمەتی (عەزم ئیستحکام)ـدا بەردەوام دەبن، کە لەلایەن لیژنەی باڵای فیدراڵییەوە لە چوارچێوەی پلانی کاری نیشتمانیی وڵاتەکەدا پەسەند کراوە.







