ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، پۆلیسی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی کارمەندێکی خۆی لە هێرشێکی چەکدارانی نەناسراودا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕاگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی چەکدارانی نەناسراو لە قەزای سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، ئەفسەرێکی پۆلیسی لێکۆڵینەوەی تاوان (مەباحیس) بە پلەی مولازمی سێ بە ناوی (حوجەت وەفاکەردە) کوژراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دیاریکردنی شوناسی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە و دەستگیرکردنیان، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتیی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، هاوکات ئاژانسی "تەسنیم" بڵاوی کردەوە کە لە شاری "ئیرانشەهر" لە هەمان پارێزگا، لە ئەنجامی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسدا، چەکدارێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی پاکستان و ئەفغانستان، بە یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی ئێران دادەنرێت و زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە پێکهاتەی بەلوچی سوننەمەزهەبن، ئەم ناوچەیەش ماوەیەکی درێژە شایەتی شەڕ و پێکدادانی بەردەوامی نێوان هێزە ئەمنییەکان، گرووپە چەکدارەکان و قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکانە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ئاژانسی مێهر بڵاوی کردەوە کە لە هەمان ناوچەدا گرووپە چەکدارەکان پەلاماری ئۆتۆمبیلێکی هەڵگری ئەندازیاران و بەڵێندەرانیان داوە و لە هەمان ڕۆژدا سوپای پاسداران ڕایگەیاند لە بۆسەیەکدا چەکدارێکیان لێ کوشتوون و ژمارەیەکی دیکەشیان دەستگیر کردوون، هەروەها ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش وەزارەتی هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) هەڵوەشاندنەوەی چوار شانەی چەکدارانی تەکفیری، دەستگیرکردنی 16 کەس و دەستبەسەرکردنی سێ کەسی دیکەی بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ لایەنی ئەمەریکی و ئیسرائیلی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا دوو کارمەندی ئەمنی لە دوو هێرشی جیاوازدا لەو پارێزگایەدا کوژرابوون.







