بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، بە شێوەی ئامادەبوو (حووکمی حوزووری) سزای زیندانیکردنی بەپێی ماددەی 319 لە یاسای سزادانی عێراقی بەسەر هەردوو تۆمەتباردا سەپاند، کە بەم شێوازەی خوارەوەیە:
عالیە نوسەیف جاسم (پەرلەمانتاری پێشوو): سزای 2 ساڵ زیندانیکردنی توند.
ڕائید جبووری (بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی سەڵاحەدین): سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی توند.
پابەندکردنی هاوبەشی هەردوو تاوانبارەکە بە گەڕاندنەوەی تەواوی بڕی 10,000,000,000 (دە ملیار) دیناری عێراقی بۆ خەزێنەی دەوڵەت کە بە ناڕەوا دەستیان کەوتووە.
دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، حووکمەکە لەسەر بنەمای دەستوەردانی ناوبراوان بووە لە گرێبەست، بەڵێندەرایەتی و کارەکانی ناو "کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور"؛ بە جۆرێک دەستکاری و ئاسانکارییان بۆ پێدانی گرێبەست و خەرجکردنی پارە بۆ چەند کۆمپانیا و کەسێکی نزیک لە خۆیان کردووە بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانجی دارایی بە شێوەیەکی نایاسایی.
دادگا دوای تاوتوێکردنی تەواوی بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتە باوەڕپێکراوەکانی دۆسیەکە، تاوانی هەردوو تۆمەتباری ساغکردەوە و حوکمەکەی بە شێوەیەکی فەرمی دەرکرد.







