ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتاران، درێژەی بە کۆبوونەوەی یەکەمی خۆیدا و لە پرۆسەیەکی یاسایی و دیموکراتیدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەڵبژارد، لەم بارەیەوە مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند: "وێڕای پیرۆزباییمان لە هەموو کوردستانییان، پیرۆزبایی لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەکەین و لەم ئەرکە نیشتمانییەیاندا هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، ئەمە هەنگاوێکی درەنگوەخت بەڵام پێویست بوو لە پێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە دوو ساڵە بەهۆی بڕیاری سیاسیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی و نەوەی نوێ، ئەم دامەزراوە شەرعییەی هەرێم کە نوێنەرایەتیی دەنگ و ئیرادەی خەڵک دەکات، پەک خرابوو".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ زۆرینەی پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکان، بە هەستکردنیان بەرامبەر بە ئەرکی نیشتمانییان و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک و پابەندییان بە سوێندی یاسایی، پرۆسەی دیموکراسییان سەرخست و کۆتاییان بەو بۆشایییە یاسایییە و خۆسەپاندنی کەمینەیەکی سیاسی هێنا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هەڕەشەی زۆر لە هەندێک پەرلەمانتار و کەسوکاریان کراوە، کە ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە و هەڕەشەیە لە دیموکراسی و ئیرادەی خەڵک و دەربڕی عەقڵییەتێکە کە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستان ناکات".
مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوەش کردووە: "هیوادارین هەموو لایەک ڕێز لە ویست و ئیرادەی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسی بگرن، پەرلەمانی کوردستان شوێنی ڕاستەقینەی دانوستانی سیاسی و یاساییە و فاکتەری یەکڕیزی و یەکگرتنی ناوخۆی کوردستانە".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە: "کارابوونەوەی پەرلەمان دژ بە هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا کراوەیە بۆ هەموو لایەک، ئومێدەوارین دوابەدوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی لایەنەکانی دیکەش بڕیاری ئەرێنی بدەن و بەشدار بن لە پاراستنی شەرعییەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتیی هاوبەش لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا و لێکنزیککردنەوەی هەموو بۆچوونەکان بۆ خزمەتی خەڵک و ئایندەی کوردستان".







