دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، گەرمترین پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی کوردستان دەکەین.
کارابوونەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و زەمینەسازییەکی بەهێزە بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە لە ئاست داواکارییەکانی هاووڵاتیاندا بێت و تەبایی نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان قووڵتر بکاتەوە.
دانیشتنی ئەمڕۆ دەستکەوتێکی نیشتمانییە؛ دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو ئەندامە بەڕێزانەی پەرلەمان دەکەین کە بە بەشدارییان وەڵامی ئیرادەی ڕەوای خەڵکی کوردستانیان دایەوە.
ئەم هەنگاوە، دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ئاستێکی باڵاتری هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە پێناو پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٤ـی نۆڤێمبەری ٢٠٢٦







