ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی (834,920,000,000) هەشت سەد و سی و چوار ملیار و نۆسەد و بیست ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (120,000,000,000) سەد و بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە، هەروەها بڕی (4,476,540,000) چوار ملیار و چوار سەد و حەفتا و شەش ملیۆن و پێنج سەد و چل هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەم مانگە نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی دوو ڕوونکردنەوەی لەبارەی وەرگرتنی پارەکە و دابەشکردنی خستووەتەڕوو:
یەکەم: لەبەر ئەوەی کاتی گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەت کەوتە کۆتایی دەوامی فەرمی، بەو هۆیەوە تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکەوێتە بەیانی لە کاتی دەوامی فەرمیدا.
دووەم: هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران پێویستی بە ڕێکاری تەکنیکییە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە سیستەمی (ACH) و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارەش پێویستی بە ڕۆژێکی تەواو هەیە، ئەوەش وا دەکات تەواوکردنی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچەخۆران بکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە، چونکە ڕۆژانی هەینی و شەممە لە بانکی ناوەندیی عێراق پشووی فەرمییە و ناتوانرێت لە کاتی پشوودا ئەو ڕێکارانە ئەنجام بدرێن.







