درەنگانی شەوی ڕابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لەسەر ڕێگای سەرەکیی (کەلار – دەربەندیخان) لە نزیک گوندی ئاوەخێری، ئۆتۆمبیلێکی جۆری (BMW) کە بە ئاراستەی کەلار دەهات، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە ڕاگری قەراغی ڕێگاکەدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەهۆی ڕووداوەکەوە، هاووڵاتییەک کە لەدایکبووی ساڵی (1992)ـە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و هاووڵاتییەکی دیکەش کە لەدایکبووی ساڵی (1991)ـە بە سەختی بریندار بووە، هەروەها بریندارەکە لە نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەدی کەلاری لە ناحیەی باوەنوورەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کرا.
هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەستبەجێ تیمی هاتوچۆ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بە مەبەستی زانینی هۆکار و چۆنیەتیی ڕوودانی ڕووداوەکە.







