ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری، لە قۆناغی یەکەم لە زۆنی (A)، بە شێوەیەکی چڕ و بەردەوام بەڕێوە دەچێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و وادەی دەستپێکردنی بارانبارین، ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، سەرپەرشتیاران و تیمە جێبەجێکارەکانی پڕۆژەکەی ڕاسپاردووە بە چڕترکردنەوەی هەوڵەکان و خێراکردنی کارەکان، بە مەبەستی تەواوکردنی پڕۆژەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پڕۆژەیە لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە شێوازی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت و گوژمەکەی بریتییە لە (551,845,000) پێنج سەد و پەنجا و یەک ملیۆن و هەشت سەد و چل و پێنج هەزار دینار.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئامانج لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، باشترکردنی ژێرخانی ناوچەکە و ئاسانکاریکردنە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان، هاوکات بەخشینی شێوازێکی شارستانییە بە شەقامە ناوخۆییەکانی زەوییەکانی قەرەبوو لەو سنوورەدا.







