شاندەکەی حکوومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیرانی نەوت، دارایی، شارەوانی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، لەگەڵ لیژنەی تایبەتی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێی ئەو ماددانەیان کردووە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە.
سیپان شێروانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "لەم کۆبوونەوەیەدا بە وردی و بە درێژی گفتوگۆمان لەسەر سەرجەم بڕگەکانی تایبەت بە هەرێم کرد و بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆمان خستە ڕوو."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دووپاتی کردەوە، هەموو هەوڵێک دەخەنە گەڕ تاوەکو لە ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027ـدا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی زامن بکرێن، بەرلەوەی پڕۆژەیاساکە بخرێتە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق.






