سەرپەرشتیاری گرووپە شاخەوانییەکە ڕاگەیاند، بەهۆی بای بەهێز و تەم و مژێکی چڕەوە، ڕێگەیان لێ تێکچووە و کەمێک دوور کەوتوونەتەوە، بەڵام هەموویان سەلامەتن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی نەخشەی دیاریکراو، تاوەکو یەک کاتژمێری دیکە دەگەنەوە لای ئۆتۆمبیلەکانیان.
پێشتر بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی تێکچوونی کەشوهەوا و نەشارەزایی لە ناوچەکە، گرووپێکی 7 کەسیی شاخەوان ون بوون و شەش تیم بەدوایاندا دەگەڕێن. بەڵام ئێستا بەپێی زانیارییەکان، شوێنی دوو کەسیان دیاری کرابوو و ئەوانی دیکەش لە ڕێگەی گەڕانەوەدان بۆ ناوچەی سەلامەت.
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران و سیدەکانیش لە ئامادەباشیدان تاوەکو دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی سەرجەم ئەندامانی گرووپەکە بە ناوچەی سەلامەت.






