ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: دوای ئاگادارکردنەوەی ژووری کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەبارەی ونبوونی گرووپێکی 7 کەسیی شاخەوانان لە ناوچەیەکی سەخت و بەرزی شاخاویدا، بەهۆی نەشارەزایی لە ناوچەکە و تێکچوونی کەشوهەوا کە بووەتە هۆی ونکردنی ڕێگاکەیان، دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری دەستیپێکرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ ئەم مەبەستە، پێنج تیمی ڕزگارکردن و شاخەوانی لەگەڵ تیمێکی تایبەتی ناوچەی سیدەکان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردندا دەکەن و هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامە.
بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا لە ناو شاخەکەدا شوێنی دوو کەس لە شاخەوانەکان دیاریکراوە، بەڵام چارەنووسی پێنج شاخەوانەکەی دیکە هێشتا نادیارە، بەپێی زانیارییەکانیش، سەرجەم ئەندامانی ئەو گرووپە شاخەوانییە هاووڵاتیی سنووری پارێزگای دهۆکن.






