وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حوسییەکان ڕایگەیاند، بەهۆی سێ هێرشی ئاسمانییەوە بۆ سەر بازاڕی "حەزارە"، لانیکەم 30 هاووڵاتی کوژراون و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئاماژەیان بەوەش دا کە تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانییانی دیکە لە ژێر داروپەردوو. یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، ئیدیعای ئەوەی کرد کە هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەیەکی سەر بە هاوپەیمانیی عەرەبییەوە ئەنجام دراون.
لە بەرامبەردا، حکوومەتی عەدەن بە تووندی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و حوسییەکانی بە بەرپرسیار لەو "تاوانە جەنگییە" زانی. حکوومەت ڕای گەیاند کە هیچ فڕۆکەیەکیان لەو ناوچەیەدا چالاک نەبووە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە لە مانگی تەممووزەوە ململانێکانی یەمەن پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ لە ئاگربەست، بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستی پێکردووەتەوە. حوسییەکان لە مانگی ئەیلوولەوە کۆنتڕۆڵی کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن و ناوچەی ستراتیژیی گەرووی بابولمەندەبیان کردووە. هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی یەمەن، حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر دامەزراوەکانی سعوودیە چڕ کردووەتەوە و سعوودیەش ڕای گەیاندووە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەی مەککە خستووەتە خوارەوە، هەرچەندە حوسییەکان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئامانجیان مەککە و مەدینە نییە.







