ڕۆژی پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا، ئاسۆی پەرەپێدانی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا کرا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدی بهێنێت و پاڵپشتی لە ڕەوتی گەشەپێدان بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی بوونەتەوە؛ هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان، کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان، و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان لە ناوچەکەدا.







