ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو لا، جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و دوولایەنەکانی نێوان عێراق و بەحرەین کرایەوە. زێدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەم سەردانە، بەهێزکردنی هاریکارییەکانە لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، بازرگانی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر هەبوونی ئاسایشی هاوبەش لە نێوان عێراق و بەحرەین کردەوە و ڕای گەیاند: "پێویستە هەڵوێستەکانمان بەرامبەر بە پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان یەکبخەین و کار بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری و هاندانی دیالۆگ بکەین بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان."
لە بەرامبەردا، شای بەحرەین بەخێرهاتنی زێدی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم سەردانە ئاسۆی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە. هەروەها دووپاتی پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی عێراق کردەوە و جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی کاری عەرەبیی هاوبەش کردەوە.







