ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئەمڕۆ کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەکەمان لاواز بووە، کەشوهەوای ئەمڕۆ بە گشتی ئاسمان بەردەوام هەور دەبێت لەگەڵ بوونی تەم تا کاتەکانی نیوەڕۆ، هاوکات تاوەباران بە شێوەی نمەباران و هەندێک کات بارانی مامناوەند لەگەڵ ئەگەری هەورەتریشقە لە سەنتەری پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی سارد، لە شەودا پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن و کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین کۆتایی پێدێت، لە هەمان کاتدا ئەگەری بەفربارین لەسەر قەدپاڵی چیا بەرزە سنوورییەکان و لووتکەی ئەو شاخانەی بەرزییان لە سەرووی (2600) مەترە دەبێت، پلەکانی گەرماش چەند پلەیەک نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی ئەمڕۆ بە پلەی سیلیزی: هەولێر 17، پیرمام 13، سلێمانی 14، هەڵەبجە 19، چەمچەماڵ 17، دهۆک 15، زاخۆ 15، ئاکرێ 14، گەرمیان 20 و حاجی ئۆمەران 8 پلە دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، کەشناسی پێشبینی دەکات لە کاتەکانی بەیانیدا تەم لە ناوچەی جیاواز دروست ببێت و لە نیوەڕۆدا ئاسمان بگۆڕێت بۆ نیمچەهەور، هاوکات بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی بارستەهەوا ساردەکە، پلەکانی گەرما بە (3 بۆ 5) پلەی سیلیزی بەراورد بە ئەمڕۆ دادەبەزن و ئەگەری بەفربارین لەسەر لووتکە و قەدپاڵی هەندێک ناوچەی شاخاویی بەرزی سنووری بەردەوام دەبێت، پلەکانی گەرمای سبەی دووشەممە بەم جۆرە دەبن: هەولێر 15، پیرمام 11، سلێمانی 12، هەڵەبجە 17، چەمچەماڵ 15، دهۆک 11، زاخۆ 12، ئاکرێ 11، گەرمیان 17 و حاجی ئۆمەران 6 پلەی سیلیزی.







