بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە گەڕەکی "سێبەردان" لە شاری هەولێر، هاووڵاتییەکی تەمەن 25 ساڵ کە شۆفێری شۆفەڵ بووە، بە شێوەیەکی مرۆیی و خۆبەخشانە بە ئامێرەکەی خۆی هاوشانی تیمەکانی فریاگوزاری بە هانای خەڵکی گەڕەکەکەوە چووە، بەڵام کەوتووەتە بەر شەپۆلی بەخوڕی ئاو و گیانی لەدەستداوە.
هاوکات پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕووداوێکی دیکەدا منداڵێکی تەمەن 5 ساڵان کە لەگەڵ باوکیدا لەناو ئۆتۆمبێلدا بوون لافاو بردوونی، هەرچەندە باوکی منداڵەکە توانیویەتی دەربازی بێت، بەڵام منداڵەکە گیانی لەدەستداو و تەرمەکەشی دۆزراوەتەوە.







