لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکوومەت لە ڕەوشی سەلامەتیی هاووڵاتییان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی کۆڵییەوە، هاوکات دەستخۆشی و سوپاسی ئاراستەی سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارەکان کرد بۆ ماندووبوون و بەهاناوەچوونی بەردەوامیان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و لێقەوماوان.
سەرۆکی حکوومەت، پارێزگاری هەولێریشی ڕاسپارد کە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشیی تەواودا بن و هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ فریاکەوتنی خەڵک و پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتییانی پایتەخت لە بەرامبەر هەر مەترسییەکی لافاودا.







