ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان دەربارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی (2027)، شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدای پایتەخت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیارە شاندەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ کۆ ببێتەوە، بە ئامانجی خستنەڕووی تێبینییەکانی هەرێم سەبارەت بە بڕگەکانی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە، لە پێناو جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و دەستەبەرکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران.







